پاکستان؛ بەهۆی تەقینەوەی کانەیەکی خەڵووز 34 کەس گیانیان لەدەستدا

لە ئەنجامی تەقینەوەیەک و داڕمانی کانەیەکی خەڵووز لە هەرێمی بەلوچستانی پاکستان، لانیکەم 34 کەس گیانیان لەدەستدا و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووەکانیشدا بەردەوامە.

کەناڵی "Geo"ی پاکستانی بڵاویکردەوە، لە رۆژئاوای وڵات و لە هەرێمی بەلوچستان، تەقینەوەیەک بووەتە هۆی داڕمانی کانەیەکی خەڵووز و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 34 کەس پشتڕاستکراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی کانەکە رایگەیاندووە، هۆکاری کارەساتەکە بۆ تەقینەوەی گازی "میسان" دەگەڕێتەوە، کە بووەتە هۆی داڕمانی لەناکاوی کانەکە. ئاماژە بەوەش کراوە، لە ساتەوەختی رووداوەکەدا 42 کرێکار لە ناو کانەکەدا بوون. لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکەش دووپاتیان کردەوە، تیمەکانی فریاگوزاریی بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بەو کەسانەی کە هێشتا لە ژێر داروپەردووی کانەکەدا گیریان خواردووە.

لە پێشهاتێکی دیکەی هاوشێوەدا، پۆلیسی ناوچەکە ئاشکرای کردووە کە دوێنێ کرێکارێکی دیکە لە کانەیەکی جیاواز لە هەمان هەرێم گیانی لەدەستداوە.

ئەم زنجیرە رووداوە جارێکی دیکە سەرنج دەخاتەوە سەر خراپیی بارودۆخی سەلامەتی لە کەرتی کانزاکانی پاکستان. بەپێی راپۆرتە ناوخۆییەکان، بەهۆی کەمیی رێکارەکانی پاراستن و خراپیی ژینگەی کار، رووداوەکانی داڕمان و تەقینەوەی گاز لە هەرێمەکانی بەلوچستان و سند بەردەوام دووبارە دەبنەوە.