ئەنجوومەنی ئاشتی نەخشەڕێگای جێبەجێکردنی پلانی ترەمپ لە غەززە بڵاو کردەوە

ئەنجوومەنی ئاشتی نەخشەڕێگایەکی نیشتمانیی نوێی بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی هەمەلایەنەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە غەززەدا بڵاوکردەوە، کە تێیدا رێکارەکانی کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل، رادەستکردنی کەرتی ئەمنی و کارگێڕیی غەززە بە لێژنەی نیشتمانی، و دابینکردنی 400 ملیۆن دۆلار بۆ قەرەبووکردنەوەی لایەنە زیان لێکەوتووەکان لەخۆدەگرێت.

هەینی 31ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی ئاشتی لە غەززە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، پێشنیازی پڕۆژەیەکی نوێی لەژێر ناونیشانی "نەخشەڕێگایەک بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی هەمەلایەنەی ترەمپ لە کەرتی غەززەدا" راگەیاند.

ئەم پڕۆژەیە لەسەر پێنج بنەمای سەرەکی بنیاتنراوە کە لێرەدا دەخرێنەڕوو: بنەمای 1؛ چوارچێوەی نێودەوڵەتی و ئاسۆی فەلەستین

سەرجەم لایەنەکان پابەندبوونی خۆیان بە پلانی ئاشتیی هەمەلایەنەی ترەمپ و بڕیاری ژمارە 2803 (2025)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات دەکەنەوە. ئامانج لەم پڕۆسەیە کۆتایهێنانە بە وێرانکارییەکان، کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی، و دابینکردنی زەمینەی گونجاوی ئابووری و سەربازی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی فەلەستینی بە مەبەستی گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.

بنەمای 2؛ راگرتنی هێرشەکان و رۆڵی لێژنەی نیشتمانی (NCAG)

ئیسرائیل پابەند دەکرێت بە جێبەجێکردنی خێرای مەرجەکانی پڕۆتۆکۆلی شەرم شێخ و راگرتنی سەرجەم ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، هاوکات بزووتنەوەی حەماس و گرووپە فەلەستینییەکانی تریش هێرشەکانیان دەوەستێنن. لە ماوەی 14 رۆژدا دوای پەسەندکردنی ئەم پڕۆژەیە، خشتەی کاتی و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی قۆناخی دووەم ئامادە دەکرێن کە لە لایەن لێژنەی چاودێریی نێودەوڵەتییەوە (IVC) دەکرێت کاتەکەی درێژ بکرێتەوە.

دواتر "لێژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە" (NCAG) دەچێتە ناو کەرتەکە و دەست بە کارەکانی دەکات، پاش دڵنیابوونەوەی لێژنەی چاودێری (کە نوێنەری ئەنجوومەنی ئاشتی، هێزەکانی پاراستنی ئاشتیی نێودەوڵەتی و لایەنە گەرەنتییکەرەکانی تێدایە) لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان.

بنەمای 3؛ جێبەجێکردنی قۆناخ بە قۆناخی پڕۆژەکە

تێپەڕبوون لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخی داهاتوو مەرجدار دەکرێت بە جێبەجێکردنی تەواوەتی بەڵێنەکانی قۆناخی پێشوو، کە لە لایەن لێژنەی چاودێریی نێودەوڵەتییەوە (IVC) بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و سەرپێچییەکانیش تۆمار دەکرێن.

بنەمای 4؛ رادەستکردنی کەرتی کارگێڕی و ئەمنی

بزووتنەوەی حەماس و سەرجەم گرووپەکانی دیکە رێککەوتوون لەسەر رادەستکردنی تەواوی بەڕێوەبەرایەتیی مەدەنی و ئەمنی کەرتی غەززە بە لێژنەی نیشتمانی (NCAG) بەپێی پلانی ئاشتیی ترەمپ. ئەم لێژنەیە خاوەن سەربەخۆیی تەواو دەبێت و گرووپەکان ناتوانن لە ماوەی قۆناخی گواستنەوەدا دەستێوەردان لە کارەکانیدا بکەن.

بنەمای 5؛ بەڕێوەبردنی کارگێڕی و دابینکردنی مافی فەرمانبەران

لێژنەی نیشتمانی بەردەوامیی کارکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان زامن دەکات. لەگەڵ سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی بەپێی یاسای فەلەستینی و بە شێوازێکی دادپەروەرانە مامەڵە دەکرێت، و ئەوانەشی خانەنشین دەکرێن یان کارەکانیان کۆتایی پێ دێت، مافەکانیان دەپارێزرێت.

لێژنەکە بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی وردبینی دارایی و کارگێڕیی گشتگیر لە غەززە ئەنجام دەدات بۆ پاراستن و گەڕاندنەوەی دارایی گشتی، و تاوەکو بڕی 400 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ قەرەبووکردنەوەی بەڵێنە داراییەکانی کۆمپانیا و بەڵێندەرە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان تەرخان دەکات، کە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی ئەزموونی لە ماوەی سێ ساڵدا جێبەجێ دەکرێت. سەرجەم کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی تریش بۆ گفتوگۆ نیشتمانییەکانی داهاتوو دوا دەخرێن.

بڕگەی 6: دروشمی "یەک دەسەڵات، یەک یاسا، یەک چەک"

کەرتی غەززە بەپێی ئەم بنەمایە بەڕێوەدەبرێت، و لێژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە (NCAG) تەنیا دەسەڵاتی یاسایی دەبێت کە مافی هەڵگرتن و هەڵگرتنی چەکی هەبێت؛ بنەمایەک کە پێشتر بزووتنەوەی حەماس لە ساڵی 2006ەوە ڕەتی دەکردەوە، بەڵام قبووڵکردنی لەم پڕۆژەیەدا بنەمایەکی بنەڕەتییە بۆ سەرجەم بڕگەکانی تری چەککردن لە قۆناخەکانی داهاتوودا.

بڕگەی 7: ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پۆلیس

سەرجەم هێزەکانی پۆلیس لە ژێر چاودێریی لێژنەی نیشتمانی (NCAG) پشکنین و بەدواداچوونی وردیان بۆ دەکرێت و بە فەرمی ڕێکدەخرێنەوە، و ئەوانەی بە سەرکەوتوویی تێپەڕ نابن، کارێکی مەدەنی یان خانەنشینبوونیان بەپێی یاسای فەلەستینی پێشنیاز دەکرێت بەبێ زیان گەیاندن بە مافە داراییەکانیان، و سەرجەم چەکەکانی پۆلیس لە سەرەتای پڕۆسەکەدا ڕادەستی لێژنەی نیشتمانی دەکرێت.

بڕگەی 8: داماڵینی چەکی قورس، کۆگاکان و تونێلەکان

پڕۆسەی داماڵینی چەکە قورسەکان و داخستنی کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک و کۆگاکان و تونێلەکان لە ژێر چاودێریی لێژنەی نیشتمانی و سەرپەرشتیی هێزەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ISF) دەستپێدەکات. ئەم پرۆسەیە هاوشانی کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی سوپای ئیسرائیل و چەککردنی میلیشیاکان دەبێت و لە لایەن لێژنەی چاودێری نێودەوڵەتییەوە (IVC) بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، و هیچ چەکێک ڕادەستی ئیسرائیل یان هیچ لایەنێکی دەرەکی ناکرێت. بەم بڕیارەش حەماس و لایەنەکانی دیکە بە هیچ شێوەیەک مافی هەڵگرتن یان کۆگاکردنی چەکیان لە کۆتاییدا نامێنێت.

بڕگەی 9: چەکی کەسی و پێویستیی یاسای فەلەستینی

چەکە کەسییەکان بە تەواوی لە ژێر یاسا فەلەستینییەکاندا دەبن، و لێژنەی نیشتمانی (NCAG) تەنیا دەسەڵاتی فەرمیی تۆمارکردن، پێدانی مۆڵەت و جێبەجێکردنی یاساکان دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکە بچووکەکان، کە تێیدا بەکارهێنانی چەکی هێرشبەر بە تەواوی قەدەخە دەکرێت.

بڕگەی 10: چەکی میلیشیاکان و تێکەڵنەکردنی ئەندامەکانیان

سەرجەم چەکی میلیشیاکان بە تەواوی داماڵ دەکرێت و لە کۆگا فەرمییەکانی ژێر چاودێری لێژنەی نیشتمانیدا هەڵدەگیرێت، و ئەندامانی میلیشیاکان ناتوانن بچنە نێو هێزەکانی پۆلیسی فەرمیی لێژنەی نیشتمانییەوە تا وەک هێزێکی بێلایەن بمێنێتەوە.

بڕگەی 11: ڕێککەوتنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی

ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەپێی یاساکانی فەلەستین واژۆ دەکرێت، کە تێیدا سەرجەم توندوتیژییە ناوخۆییەکان، مانۆڕە سەربازییەکان، پیشاندانی چەک و خۆپیشاندانی چەکداری بە تەواوی و بە خێرایی ڕادەگیرێن تاوەکو ڕێگری بکرێت لە تۆڵەسەندنەوە و نیشاندانی چەکداری لە ناوچە گشتییەکاندا.

بڕگەی 12: ئەرکەکانی هێزی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ISF)

ئەم هێزە نێودەوڵەتییە جێگیر دەکرێت بۆ لێکجیاکردنەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی لێژنەی نیشتمانیدان، بێ ئەوەی هیچ ئەرکێکی پۆلیسی لە ناوخۆدا ئەنجام بدات. ئەرکەکانی بریتین لە چاودێریکردنی ئاگربەست، مەشق پێکردنی پۆلیس، دابینکردنی سەلامەتی و گواستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە تاوەکو ڕێگری بکرێت لە دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکان لە هاوکارییەکاندا.

بڕگەی 13: کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل بەپێی خشتەیەکی کاتیی ڕوون و دیاریکراو بە تەواوی لە کەرتی غەززە پاشەکشە دەکات بەپێی مەرجەکانی بڕگەی 8، بە شێوازێک کە کشانەوەی سوپا بەستراوەتەوە بە قۆناغەکانی چەککردنی هێزەکانەوە، و هیچ هاووڵاتییەکی فەلەستینی ناچار ناکرێت کەرتی غەززە جێبهێڵێت.

بڕگەی 14: بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناوخۆ

لێژنەی نیشتمانی (NCAG) بەرپرسی یەکەم و سەرەکی دەبێت لە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی ئەمنی ناوخۆ و هاوسەنگیی گشتی و یاسایی لە غەززەدا.

بڕگەی 15: پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ژێر چاودێری

ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، لە نێویاندا دابینکردنی سەرچاوەکان و لایەنی دارایی، بەپێی پلانێکی تۆکمە و لە ژێر چاودێریی هاوبەشی ئەنجوومەنی ئاشتی و لێژنەی نیشتمانی (NCAG) بەپێی پێوەر و مەرجە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی،  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی "مێژوویی" بۆ چەکداماڵینی تەواوەتیی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە کەرتی غەززە راگەیاند، ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی "پلانی 20 خاڵیی ترەمپ" بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.

هەروەها بەرەبەیانی هەینی غازی حەمەد، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس، دووپاتی کردەوە، رەزامەندیی بزووتنەوەکەیان بۆ رێککەوتنی ئاشتیی گشتگیر، دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەکان هاتووە و ئامانجی سەرەکی پاراستنی گەلی فەڵەستینە. ئاماژەی بەوەش کرد، حەماس سازشی سیاسی پێشکەش کردووە؛ بەڵام دەستبەرداری پرۆژە نیشتمانییەکەی نابێت.