وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا: سەرچاوە داراییەکانی ئێران لە هەموو جیهاندا ووشک دەکەین

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، بەڵێنی دا ئیدارەی وڵاتەکەی رێوشوێنی توند بگرێتە بەر بۆ رێگری لە هاتوچۆی پارەکانی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا.

هەینی 31ـی تەممووزی 2026، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی رایگەیاند: "بڕێکی زۆر پارەی ئێرانی لە بازاڕەکانی جیهاندا هەیە و ئێمە بە وردی بەدوایاندا دەچین و دەستیان بەسەردا دەگرین."

هەروەها بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئێکسیۆس"، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێیوایە سزای ئابووری بەراورد بە هێرشی سەربازی، ئامرازێکی کاریگەرترە بۆ لاوازکردنی ئێران.

 هەر لەم چوارچێوەیەدا، واشنتن لە رێگەی نوێکردنەوەی هەڵمەتی  فشارەوە، سزای بەسەر زیاتر لە 1000 کەس، کەشتی و فڕۆکەدا سەپاندووە، کە ئامانج لێی پەکخستنی بازرگانی نەوت، سیستەمی بانکیی و تۆڕەکانی کڕینی چەک و گواستنەوەی دەریایی ئێرانە.

لە دوایین هەنگاویشدا لە 24ـی تەممووز، ئەمریکا سزای نوێی بەسەر 9 کۆمپانیا و 4 کەسدا سەپاند کە پەیوەندییان بە بابەک زەنجانی، میلیاردێری ئێرانییەوە هەبووە، بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە یارمەتیدانی تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا.

ئەم فشارە داراییانە لە کاتێکدایە، ئابووری ئێران بە دۆخێکی پڕ لە قەیران و سەختی داراییدا تێدەپەڕێت، بە هۆیەوە بەهای تومەنی ئێرانی بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزیوە و رێژەی هەڵاوسان لە 60% تێپەڕی کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.