پەرلەمانی عێراق لەسەر بۆردوومانەکانی ئەمریکا و سعوودیە کۆدەبێتەوە
سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە سەرجەم ئەندامانی لێژنەکە کرد لە رۆژی شەممەدا، بۆ تاوتوێکردنی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی عێراقدا.
هەینی 31ـی تەممووزی 2026، بەپێی نووسراوێکی فەرمیی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خالید عوبێدی، سەرۆکی لێژنەکە، داواکارییەکی فەرمی ئاڕاستەی گشت ئەندامان کردووە کە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، ئامادەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بن لە بارەگای لێژنەکە لە ناو پەرلەمانی عێراقدا.
ئەم کۆبوونەوە بەپەلەیە دوای داواکاریی چەند ئەندامێکی لێژنەکە دێت بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دەرەنجامی ئەو بۆردوومانە ئاسمانییە هاوبەشانەی فڕۆکەکانی ئەمریکا و سعوودیە کە مۆڵگەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبییان لە پارێزگاکانی عێراقدا کردووەتە ئامانجی هێرشەکانیان، کە لە ئەنجامدا چەندین سەربازی سەر بە هێزەکانی عێراق کوژران و بریندار بوون، و پڕۆسەکەش بە هێرشێکی ئاشکرا بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق تۆمار کرا.
ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی پێشهاتە سەربازییەکان و گەیشتن بە زنجیرەیەک بڕیار و راسپاردەی فەرمیی پەرلەمان دەبێت بۆ گەیاندنی بە لایەنە حکومی و دیپلۆماسییەکان لە بەغداد.
چوارشەممە، 29ی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ڕایانگەیاندبوو، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی هەماهەنگکراویان بۆ سەر چەندین پێگەی لۆجیستی و کۆگای چەکی گرووپە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی ئەنجامداوە. هێرشەکان پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە و کەرکووکیان گرتووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هەردوو وڵات، ئەم هێرشانە "وەڵامێکی ڕاستەوخۆ و یەکلاکەرەوەیە" بۆ زیادبوونی هێرشە سنووربەزێنەکان، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 30 درۆن ئاراستەی دامەزراوەکانی نەوت و وزە لە ناوچەکە و بنکەکانی ئەمریکا کراون