قوربانیانی لێشاوی کۆچبەران بۆ ئیسپانیا گەیشتە 61 کەس

لێشاوێکی بێپێشینەی کۆچبەران لە مەغریبەوە بەرەو ناوچەی سیۆتای ژێر دەسەڵاتی ئیسپانیا، بووە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی و کاردانەوەی فراوانی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. بەگوێرەی دواین ئامارەکان، تا ئێستا گیانلەدەستدانی 61 کۆچبەر پشتڕاستکراوەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی پۆلیسی ئیسپانیا، لە 24 کاتژمێری رابردووەوە زیاتر لە 60 هەزار کۆچبەر سنووری نێوان باکووری مەغریب و شاری سیۆتایان بەزاندووە. ئەم لێشاوە کە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (1ـی ئابی 2026) بەردەوام بوو، زۆربەیان گەنج و مێرمنداڵ بوون. لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە لە رێگەی دەریاوە، 61 کۆچبەر خنکان و گیانیان لەدەستدا.

رادیۆی کادینا سێر بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکان لە کەناراوەکانی تاراحال بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکاندا و پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیان لەوەش زیاتر بێت کە راگەیەندراوە.

خۆسێ مانوێل ئەلباریس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا رایگەیاند، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی دزەیان کردبووە ناو شارەکە، گەڕێندراونەتەوە بۆ مەغریب. جەختی کردەوە "ئاسایشی ناوچەی شنگن بە تەواوی پارێزراوە" و داوای کرد کۆتایی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە بهێنرێت.

وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا ئاشکرای کرد، 48 هەزار 300 کۆچبەر گەڕێندراونەتەوە، کە 25 هەزاریان بە ویستی خۆیان بووە. هاوکات، مەدرید هێزی سەربازی و ئەمنیی زیاتری بۆ ناوچەکانی "سبتە و ملیلیە" ناردووە بۆ توندکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان.

پێدرۆ سانشێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لە میانی سەردانێکیدا بۆ سیۆتا سبتە رایگەیاند، حکوومەت کار دەکات بۆ هەموارکردنەوەی یاسای کۆچبەران. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دادگای باڵای وڵاتەکە رایگەیاندبوو "گەڕاندنەوەی دەستبەجێی ئەو کۆچبەرانەی لە دەریادا دەگیرێن، کارێکی نایاساییە."

ئەم قەیرانە نیگەرانییەکی قووڵی لە ئەوروپا دروست کرد، ئیتاڵیا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم دۆخە، رێککەوتنی شنگنی لەگەڵ ئیسپانیا هەڵپەسارد. هەروا فینلاند، پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەکەی ئیتاڵیا دەربڕی و کۆمسیۆنی ئەوروپاش رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و لەگەڵ مەدرید و ڕیبات (پایتەختی مەغریب) لە پەیوەندیدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی و بەردەوام.

مێژووی شارەکانی سبتە و ملیلیە بۆ سەردەمی لاوازبوونی میرنشینی بەنی ئەحمەد لە گەرناتە دەگەڕێتەوە؛ سبتە لە ساڵی 1415 سەرەتا لەلایەن پورتوگالەوە داگیرکرا و دواتر لە 1580 بوو بە بەشێک لە ئیسپانیا، لە کاتێکدا ملیلیە لە ساڵی 1497ەوە لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیایە. ئێستا سبتە شارێکی خاوەن حوکمی خۆجێییە لەژێر سەروەری ئیسپانیادا و وەک ناوەندێکی سەربازی و بەندەرێکی ئازاد لەسەر گەرووی جەبەل تاریق و کەناراوەکانی مەغریب هەژمار دەکرێت کە رووبەرەکەی تەنیا 20 کیلۆمەتر دووجایە.