ئێران ئامادەکاری بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئێران رایگەیاند، پلانی تەواومان بۆ پەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە کردارێکی شێتانەی ئەمریکا هەیە و ژێرخانی وزەی ناوچەکە دەکەینە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئێران "کردەوەیەکی شێتییە".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشداوە، تاران پلانێکی بەرفراوانی بەرپەرچدانەوەی ئامادە کردووە کە بریتییە لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە گرینگەکان لە ئیسرائیل و ژێرخانی وزەی ئەمریکا لە ناوچەکە، جەختیشی لە ئامادەیی ئێران بۆ جێبەجێکردنی کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لێدانێکی بەهێزی لە ئێران کرد، هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە کە بیر لە دەستپێکردنی هێرشی بەرفراوان دەکاتەوە لەم کۆتایی هەفتەیەدا، بەتایبەتی ژێرخانی وزە بکاتە ئامانج، بە ئامانجی "ناچارکردنی تاران بۆ خۆبەدەستەوەدان".
کەناڵی سی بی ئێس نیوز بڵاویکردەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی هێرشی هاوبەشیان بۆ سەر دامەزراوە وزەی ئێران داناوە، ئەگەری هەیە لە کۆتایی هەفتەدا، و لەوانەیە پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەکانی کارەبا بکەنە ئامانج.
پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک پۆست لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە رایگەیاندبوو کە ترەمپ هێشتا دەیەوێت بگاتە رێککەوتن، بەڵام هۆشداریدا لەوەی بەردەوامی هێرشەکانی ئێران "باجی دەبێت".