ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشی سەر کەرتی وزەی ئێران دەکەن
تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس نیوز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی ئامادەکارین بۆ وەشاندنی یەکێک لە گەورەترین گورزە ئاسمانییەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران. چاوەڕوان دەکرێت هێرشەکان لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست پێبکەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لیستی ئامانجە ئەگەرەکان بریتین لە وێستگەکانی کارەبا، پاڵاوگەکان و ژێرخانی وزەی ئێران. ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە لە بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانەوە بۆ ئەو دامەزراوانەی کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئابووریی ئێران و توانای دامەزراوەکانی دەوڵەت هەیە. تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی کۆتایی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دەرنەکردووە.
ئەم پلانە لە کۆبوونەوەیەکی حکوومەتی ئەمریکادا بە سەرۆکایەتی ترەمپ لە هاوینەهەواری کەمپ دەیڤید لە رۆژی هەینی تاوتوێ کراوە. ترەمپ لەو کۆبوونەوەیەدا هەڕەشەی لێدانی ئێران بە هێزێکی زۆر توند کردووە. لە بەرامبەردا، وەزارەتی جەنگی (پێنتاگۆن) ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکان نیشان داوە.
هاوکات، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەندێک لە یاریدەدەرانی کۆشکی سپی دژی ئەم بژاردەیەن، چونکە نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و لێکەوتە سیاسی و ئابوورییەکانی جەنگ لەسەر بازاڕە جیهانییەکان. بەرپرسان تاوتوێی ئەوە دەکەن ئۆپەراسیۆنەکە پێش کردنەوەی بازاڕە داراییەکان لە بەیانی رۆژی دووشەممە کۆتایی پێ بهێنرێت.
سەرچاوەکان دەڵێن؛ ئیسرائیل لە پلانەکان ئاگادار کراوەتەوە و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ واشنتن دەکات. ئەگەر ئەم هێرشە هاوبەشە ئەنجام بدرێت، بەواتای گەڕانەوەی ئیسرائیل دێت بۆ ناو جەنگ دوای ئەو ئاگربەستەی کە بە چاودێری ئەمریکا هاتبووە ئاراوە. یەکێک لە بژاردە پێشنیارکراوەکانیش بڕینی کارەبای شاری تارانە.
لە یەکەم کاردانەوەدا، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، ئەم هەواڵانە بە سەرکێشی وەسف دەکەن. ئەو بەرپرسە رایگەیاندووە، ئێران پلانێکی گشتگیری بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا ئامادە کردووە، تێیدا ژێرخانە گرنگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن، لە مانگی تەممووزدا ئەمریکا بۆ ماوەی 13 شەو بەردەوام هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکان و کۆگاکانی درۆنی ئێران. هەروەها ئیسرائیل لە مانگی ئازاری رابردوو کێڵگەی گازی پارسی باشووری بۆردومان کردبوو، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و وەڵامدانەوەی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە لە وڵاتانی کەنداو.