ئێران هێرشی کردە سەر کوەیت

سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت، ئەمڕۆ شەممە، 1ـی ئابی 2026، رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان داوەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی سوپای کوەیتدا هاتووە، دەنگی ئەو تەقینەوانەی لە هەندێک ناوچەدا بیستران، بەرپەرچدانەوەی درۆنەکانی ئێران بووە لەلایەن بەرگرییە ئاسمانی کویتەوە، جەختیشی کردەوە، بەردەوام دەبن لە بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی وڵاتی نەیار.

سەرۆکایەتیی ئەرکان داوای لە هاووڵاتییان کرد، پابەند بن بە رێنماییەکانی ئاسایش و سەلامەتی کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچن، دوور بکەونەوە لە پڕوپاگەندەکان.

هاوکات سەرچاوە هەواڵییەکانی ئێران ئاشکرایان کردووە دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە کوەیت بیستراوە.

کاتێک لە 28ـی شوبات هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، تاران بەرژەوەندیی و بنکە و بارەگاکانی ئەمریکای لە وڵاتانی ناوچەکە کردە ئامانج، بەتایبەت وڵاتانی قەتەر، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین و ئوردن.