قەرارگای خاتەمولئەنبیا هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات

فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا هەڕەشە لە وڵاتانی کەنداو دەکات و دەڵێت "هەر وڵاتێک خۆی بکاتە قەڵغانی بەرگریی بۆ ئەمریکای تاوانکار و دەستدرێژیکار، لە ئاگری جەنگدا دەسووتێت".

عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی ناوەندەیی قەرارگای خاتەمولئەبیا ئەمڕۆ شەممە 1ـی ئابی 2026، لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەمریکا بە پەلە و خێرایەکی پێشبینی نەکراو رێگەیەکی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی ئاگری جەنگێکی فراوان و هەرێمی، ناوچەکە بگرێتەوە، ئەمەش ئەنجامی ستراتیجییەکی مەترسیدارە لە پێناو سەپاندنی هەژموونی نایاسایی خۆی لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

عەبدوڵڵاهیان دەڵێت "ئەمریکا لە جەنگی ئەم دوایییەی دژی ئێران سەلماندی کە بۆ گەیشتن بە مەرام و ئامانجەکانی، لە هیچ شەڕانگێزی و وێرانکارییەک دژی بەرژەوەندی و سەرچاوەکانی موسڵمانان سڵ ناکاتەوە".

هەروەها پەیامێک ئاراستە وڵاتانی ناوچەکە کردووە و دەڵێت: پێویستە وڵاتانی موسڵمانی ناوچەکە بزانن> ئەمریکا سەرمایە، سامان، ژێرخانە گرنگەکان و سەرچاوە ستراتیجییەکانی ئەوان، وەک قەڵغانێکی بەرگریی بۆ سوپاکەی لەم ناوچەیە بەکار دەهێنێت و بەمەش بایەخی زیاتر بە توانا سەربازییەکان و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دەدات.

فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا جەخت دەکاتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە رۆڵە ئازا و قارەمانەکانی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی و بەرەی مقاوەمە سەلماندوویانە، هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا چیتر بە شوێن بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناکەون، ئەمەش وایکردووە سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل لە پشتی سەنگەرەکانی وڵاتانی موسڵمان دەست بە جەنگ، خوێنڕشتن و شەڕانگێزی بکەن، هاوکات تێچووی جەنگەکەش بەسەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا بسەپێنن.

داواش لە وڵاتانی موسڵمان و ناوچەکە دەکات کە لە داهاتوو بڕوانن و چاودێریی تاوانەکانی ئەمریکا بکەن و پێداچوونەوەیەک بە هاوکاری و هاوڕێیەتی ئەمریکادا بکەن؛ چونکە بە پێچەوانەوە، هەر وڵاتێک خۆی بکاتە قەڵغانی بەرگریی لە ئەمریکا، لە ئاگری جەنگدا دەسووتێت.