فەرەنسا و ئیتاڵیا سنوورەکانیان لەگەڵ ئیسپانیا توندتر دەکەن

وێنەی کۆچبەرانی مەغریبی لە سنوورەکانی ئیسپانیا
وێنەی کۆچبەرانی مەغریبی لە سنوورەکانی ئیسپانیا

ئەمڕۆ شەممە، 1ـی ئابی 2026، ئیتاڵیا  و فەرەنسا رێکارە ئەمنییەکان لەسەر سنوورەکانیان لەگەڵ ئیسپانیا توندتر کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا نزیکەی 60 هەزار کۆچبەر لە مه‌غریبەوە روویان لە ناوچەی سەبتەی ئیسپانیا کرد.

ئێوارەی رۆژی هەینی، وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، زیاتر لە 48 هەزار کۆچبەر گەڕاونەتەوە بۆ مه‌غریب،  لەوبارەوە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، دەیان پاس سەدان کەسیان گواستووەوە مەغریب، کۆچبەرەکان بە رێگای وشکانی و دەریایی گەیشتبوونە ئیسپانیا، بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی خۆجێیی شاری سەبتە، 35 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان خنکاون.

لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە ئیتاڵیا  بە پشتگیریی فینلاند و دانیمارک داوای کرد ئەندامێتیی ئیسپانیا لە رێککەوتنی شنگن رابگیرێت، بەڵام ئیسپانیا ئەم پێشنیازەی بە پووچ وەسف کرد، شارەزایانی یاسایی جەختیان کردەوە بەپێی چوارچێوەی یاسایی ئێستا، جێبەجێکردنی ئەم پێشنیازە مەحاڵە، لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا  بڕیاریدا لە ئەمڕۆ شەممەەوە لەسەر سنوورە ئاسمانی و دەریاییەکان، پشکنین بۆ ئەو هاووڵاتییانە بکات کە لە ئیسپانیاوە دێن. 

لە فەرەنسا، لوران نۆنیێز، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە رایگەیاند، ژمارەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لەسەر سنووری ئیسپانیا پێنج هێندە زیاد کراوە و لە ئەمڕۆ شەممەوە گەیشتووەتە 334 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، داوای توندکردنەوەی پشکنینە سنوورییەکان لەگەڵ ئیسپانیا کردبوو، لە بەرامبەردا، پیدڕۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "ئێستا کاتی دابەشبوون نییە، بەڵکو کاتی بەردەوامبوونە لە بونیاتنانی یەکێتییەکی ئەوروپیی بەهێز و یەکگرتوو". 

خوان ڤیڤاس، سەرۆکی حکوومەتی خۆجێیی سەبتە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "نزیکەی 60 هەزار کەس هاتنە ناو شارەکەمانەوە"، کە دەکاتە نزیکەی 70 لەسەدی دانیشتووانی سەبتە، هەروەها ئەو شارە دەکەوێتە باکووری مەغریب و نزیک گەروی جەبەلتاریق و 84 هەزار کەس تێیدا دەژین.

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا سەردانی سەبتەی کرد و هاتنی شەپۆلەکەی کۆچبەرانی بە "پێشێلکاریی بۆ سەر سەروەریی خاکی ئیسپانیا" وەسف کرد و مافیاکانی تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی کردنەوەی سنوورەکان.

وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیاش دەستبەجێ دەیان پۆلیس، پاسەوانی کەناراوەکان، 8 مەلەوان، کەشتییەک و درۆنی رەوانەی ناوچەکە کرد. 

لە واشنتنیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی کردووەتە خاڵی سەرەکیی کارەکانی، وێنەکانی سەبتەی بە "داگیرکاری" وەسف کرد و ئیسپانیای تۆمەتبار کرد بەوەی بە بەمەبەست کارئاسانی بۆ کۆچی نایاسایی دەکات.