ئاگر لە کۆگایەکی سووتەمەنی لەسەر رێگای مەخمور کەوتەوە
کەمێک پێش ئێستا ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لەسەر رێگای سەرەکیی نێوان "هەولێر - مەخمور" کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دان.
ئەمڕۆ شەممە، 1ـی ئابی 2026، ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند؛ بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو شوێنەی ئاگری گرتووە کۆگایەکی سووتەمەنییە و هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکەش بۆ هەبوونی بڕێکی زۆر لە ماددەی تەنەر دەگەڕێتەوە لەناو کۆگاکەدا.
هاوکات، تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرقاڵی گەمارۆدان و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەهۆی گەورەیی رووداوەکەشەوە، تیمی زیاتری فریاگوزاری رەوانەی شوێنەکە کراون بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، هەواڵە دەنگۆکانی سەبارەت بە بوونی دەستێکی ئەمنی لە پشت رووداوەکە رەتکردەوە و رایگەیاند: "هیچ بابەتێکی ئەمنی لەم رووداوی ئاگرکەوتنەوەیەدا نییە و تەنیا رووداوێکی ئاساییە."
پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە لێدوانێکیدا رایگەیاند؛ "لە سنووری هەولێر و دەوروبەری نزیکەی 12 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوون، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە و تەواوی کارمەندانی ئێمە و هاووڵاتییانیش سەلامەتن".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شوێنانەی ئاگریان لێ کەوتووەتەوە پێکهاتبوون لە ماڵ، شوێنی گشتیی، کەمپ و کۆگا. گوتیشی "تەواوی ئاگرەکان کۆنترۆڵکراون".
سەبارەت بەو ئاگرە گەورەیەی لەسەر ڕێگای هەولێر - کەرکووک کەوتەوە، شاخەوان سەعید روونی کردەوە "کاتژمێر 8:34ـی بەیانی ئاگادار کراینەوە لە هەبوونی ئاگر لە کارگەیەکی رۆنی ئۆتۆمبێل، تیمەکانمان بە تەواوی ئامێر و ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنەکە، بەڵام بەهۆی بوونی رەشەبایەکی بەهێز، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەند و رێگربوو لەوەی زوو کۆنترۆڵ بکرێت".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی جەختی کردەوە، ئەو شوێنانەی مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە، پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگر تێیاندا قورس دەبێت، گوتیشی "ئەو کۆگایەی ئەمڕۆ سووتا، مەرجی سەرەکیی سەلامەتی کە سیستەمی ئاوپڕژێنە تێدا نەبووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سێ کۆگا بەتەواوی بسووتێن و دابڕمێن و زیانێکی زۆری ماددی بەخۆیان و دەوروبەریان بگات".
لەبارەی رێکارەکانی دوای رووداوەکە، شاخەوان سەعید ئاشکرای کرد "لیژنەکانی ئێمە لە رێگەی کامێرا چاودێرییەکانەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش وردەکارییەکان دەخەینە ڕوو".
هاوکات بەهۆی چڕی دووکەڵی ئاگرەکە و مەترسییەکانی لەسەر شۆفێران، رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک بۆ ماوەیەک لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆوە بە تەواوی داخرابوو تا ئەو کاتەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.