ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی: گەشتەکانتان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەشێننەوە یان دوای بخەن

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن داوا لە ئەمریکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ناوچەکە بەجێبهێڵن.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردن هۆشدارینامەیەکی بە پەلەی بڵاویکردووەتەوە و هۆشیاری بە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانە دەدات کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، داوایان لێدەکات، هەرچی زووە ناوچەکە بەجێبهێڵن یان خۆیان ئامادە بکەن لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ناوچەکە و پەرەسەندنی گرژییەکان ناوچەکە چۆڵ بکەن.

لە هۆشدارینامەکەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانەی ئەمریکا کردووە کە نیازی گەشتیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، پێداچوونەوە بە گەشتەکانیاندا بکەن، جا پاشگەزبوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیان بێت یان داخستنی گەشتەکانیان بێت بۆ کاتێکی دیکە.

هەروها داواشی لەو ئەمریکیانە کردووە کە ئێستا لە ئوردنن و ئامۆژگاریان دەکات لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن و هۆتێل و ژێرخانە مەدەنییەکان دوور بکەونەوە، چونکە ناوچەکە لە ژێر هەڕەشەی ئێران و گرووپە چەکدارەکاندایە. 

هۆشداری دەدات، کە ئەمریکییەکان لە قەرەباڵخی شوێنە گشتییەکان دوور بن و دەڵێت: بۆ ئەوەی رووبەڕووی هیچ مەترسییەک نەبنەوە پێویستە لە جێگەی پارێزراو بمێننەوە.

لە دژێرەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، لەم چەند هەفتە رابردوودا ئێران لە چوارچێوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە 17ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پشتڕاستی کردەوە، بەهۆی هێرشێکی ئێرانەوە دوو سەربازی ئەمریکی لە ئوردن کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون.

هەروەها هۆشدارییەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عەمان لە کاتێکدایە، فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا هەڕەشەی لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە، ئەگەر بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دا نەچنەوە و ببنە قەڵغانێک بۆ داڵدەدانی سەربازانی ئەمریکا، ئەوە لە ئاگری ئەم جەنگەی هەیە، دەسووتێن.