پێنتاگۆن داوای 18 ملیار دۆلار بۆ کڕینی مووشەکی جەنگی دەکات

ئاژانسی "بلومبێرگ" بڵاویکردەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) داوای 18.2 ملیار دۆلاری لە کۆنگرێس کردووە بۆ کڕین و نوێکردنەوەی مووشەکە بەرگریکارەکان لە چوارچێوەی بودجەی نائاسایی ئەمساڵدا . 

ئەم داواکارییە کە بەشێکە لە بودجەیەکی گەورەتری 67 ملیار دۆلاری، ئامانج لێی قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆگا سەربازییانەیە لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئەم دواییەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکارهێنراون.

بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکان، بودجە داواکراوەکە بۆ کڕینی پێشکەوتووترین سیستەمەکانی وەک پاتریۆت، مووشەکی تۆماهۆک و سیستەمی بەرگریی بەرزایی تاد تەرخان دەکرێت، کە تەنیا بۆ مووشەکەکانی تاد زیاتر لە 5.7 ملیار دۆلار دیاریکراوە. هەروەها بڕی 100 ملیۆن دۆلاریش بۆ پەرەپێدانی مووشەکێکی ئاسمانی نهێنی تەرخان کراوە، هێشتا نەکەوتووەتە خزمەتی سەربازییەوە.

بەرپرسانی سەربازی و ئەندامانی کۆنگرێس نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لە کەمبوونەوەی مەترسیداری جبەخانە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئەمریکا. ئامارەکان دەریدەخەن کە سوپای ئەمریکا لە ماوەی جەنگەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، بڕێکی زۆر لە مووشەکی جۆراوجۆری بۆ پاراستنی بنکەکانی بەکارهێناوە، ئەمەش وایکردووە حکوومەت پەنا بۆ خێراکردنی کڕینی چەک و تەقەمەنی نوێ ببات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە سەربازییەی دروست بووە.