واشنتن پۆست: هێزەکانی ئەمریکا یان دەبێت خاکی وڵاتەکەیان بپارێزن یان ئیسرائیل
رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای کرد، جەنراڵ ئەلیکسوس گرینکێڤیچ، فەرماندەی فەرماندەیی ئەوروپای هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن کە هێزەی تەواو بۆ پاراستنی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە بەردەست نییە.
شەممە 1ـی ئابی 2026، رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، جەنراڵ ئەلیکسوس گرینکێڤیچ، فەرماندەی فەرماندەیی ئەوروپای هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، بە بەرپرسە سەربازییەکانی راگەیاندووە ئەگەر بەلایەنی کەمەوە کەشتییەکی تێکشکێنەری دەریایی دیکەی بۆ دابین نەکرێت، بەهۆی کەمیی سەرچاوە سەربازییەکانەوە ناچار دەبێت لە نێوان پاراستنی خاکی ئەمریکا یان بەرگریکردن لە ئیسرائیل یەکێکیان هەڵبژێرێت.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئەم جۆرە ئاگادارکردنەوانە لەلایەن جەنراڵەکانەوە کارێکی باوە کاتێک مەترسییەک دروست دەبێت کە پێویستی بە سەرنجی واشنتن بێت، بەتایبەت لە کاتی کێبڕکێ لەسەر چەک و کەرەستە سنووردارەکان.
ئەم هۆشدارییە لە ساتێکی هەستیاری هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت، تیایدا هێرشە رۆژانە ئاڵوگۆڕکراوەکان لەگەڵ ئێران بووەتە کارێکی رۆژانە هاوکات بووەتە هۆی بەکارهێنان و کەمبوونەوەی بەشێکی زۆر لە چەکە سەرەکییەکانی ئەمریکا، لەوانەش مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانی.
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 8ـی تەممووزدا کۆتاییهێنانی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند، دوابەدوای ئەوە، سوپای ئەمریکا چەندین زنجیرە هێرشی کردە سەر ئێران وەک وەڵامێک بۆ جووڵەکانی تاران دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، ئەوەش رووبەڕووی وەڵامدانەوەی ئێران و هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە بووەوە.