ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان کرد؛ هاوکات بەکارهێنانی مافی بەرگری لەخۆکردنی دووپاتکردەوە و بە توندیش هۆشداری دایە وڵاتانی کەنداو کە رێگە نەدەن خاک و ئاسمانیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر تاران بەکاربهێنرێت.

شەممە 1ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەبۆنەی دوایین پێشهاتەکانی جەنگەوە، راگەیەندراوێکی فەرمیی لە ژێر ناونیشانی "بەردەوامیی بەرگریی نیشتمانیی گەلی ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکادا" بڵاوکردەوە.

سەرکۆنەکردنی هێرشەکان و رۆڵی هێزە چەکدارەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئێران سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی پێشکەش بە کۆمەڵگەی دیپلۆماسی و هێزە چەکدارەکان و پاسداران دەکات کە بەرگری لە کەرتی ئاسایشی نیشتمانی دەکەن.

 ئێران جەختی کردەوە لەو بارودۆخەی کە ئەمریکا لە پەیمانشکێنی و پێشێلکردنی بەڵێنەکانیدا بەرامبەر بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهاتنی جەنگ لە 28ـی حوزەیراندا بەردەوامە، هاوکات گەمارۆیە دەریاییوکانی سەر بەندەرەکان و کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران، و هێرشەکانی سەر ناوچە جیاوازەکانی وڵات، و فشارە ئابوورییەکان و هەڕەشە نایاساییەکان چڕتر کردووەتەوە؛ هێزە چەکدارەکانمان بە تەواوی هێز و توانای خۆیانەوە وەڵامی ئەم پێشێلکارییانە دەدەنەوە.

کێشەی یاسایی و بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان

بەیاننامەکە روونیکردەوە کە گەمارۆدانی دەریایی ئەمریکا بەپێی بڕیاری ژمارە 3314ـی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (1974) بە "کارێکی دەستدرێژیکارانە" تۆمار دەکرێت، و بۆردوومانکردنی بنکە مەدەنی و ژێرخانە کارگێڕییەکان پێشێلکردنی بەندی 4ـی ماددەی 2ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئێران مافی یاسایی و سروشتیی خۆی لەژێر بنەمای "بەرگریی رەوا لەخۆکردن" بەکاردهێنێت.

وەزارەتی دەرەوە رەخنەی توندی لە ئەنجوومەنی ئاسایش گرت کە نەیتوانیوە بەپێی بەندی 39ـی میساقەکە رێگری لەم کارەساتانە بکات، هاوشێوەی پێگە لاوازەکەی لە سەردەمی جەنگی 8 ساڵەی عێراق دژی ئێراندا، و گوتیشی بەداخەوە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش تەنیا بە دەربڕینی هەڵوێستی ناڕوون و گوماناوی بێدەنگیی هەڵبژاردووە.

هۆکاری سەرەکیی جەنگ و مێژووی دوژمنکاریی ئەمریکا

ئێران رایگەیاند کە هۆکاری راستەقینەی جەنگەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی هۆشیاری و خۆڕاگریی گەلی ئێرانە، نەک "درۆی پاراستنی تەلئەڤیڤ یان پڕۆژە ئەتۆمییەکەی تاران". گەلی ئێران مێژووی دوژمنکاریی ئەمریکا لەبیری ناکات کە لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە (کودەتای 1953) دژی حکوومەتی هەڵبژێردراوی گەل جێبەجێ کرا.

لێدانی سِێ کەشتی لە گەرووی هورمزدا

وەزارەتی دەرەوەی باسی لەوەش کردووە، ئەم خولە نوێیەی بۆردوومانەکان کە لە 8ی تەممووزەوە دەستیپێکرد، بە بەهانەی لێدانی سێ کەشتیی بازرگانی بوو لە لایەن ئێرانەوە. ئێران جەخت دەکاتەوە کە ئەم قسانە درۆی بێ بنەمان بۆ شاردنەوەی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا دژی رێککەوتننامەکەی پێشوو بوو. بەپێی بەندی5ـی رێککەوتننامەی ئاگربەست، گەرووی هورمز لە ژێر چاودێریی ئێراندا بوو، بەڵام ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە رێڕەوی نایاسایی باشووردا کەوتنە سەر پێشێلکردنی بەڵێنەکان.

هەروەها لە راگەیەندراوەکدا هاتووە، راپۆرتەکان دەریدەخەن کە هێزەکانی ئەمریکا کەرەستە و کەشتییە مەدەنییە بازرگانییەکان بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی سەربازان و چەکەکان بە مەبەستی شاردنەوەیان لە چاوی هێزە دەریاییەکانی ئێران، و رۆژی 8ـی تەممووز کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا پاراستنی بۆ کەشتییەکی گەورەی گازی شلکراو کرد بە رێڕەوی نایاسایی باشووردا کە کارێکی زۆر مەترسیدار بووە، بۆیە هیچ بەڵگەیەک لەسەر هێرشی ئێران بوونی نییە و تەنیا بەهانەیەک بوو بۆ راگرتنی فەرمیی لێخۆشبوونی نەوتی ئێران و گەڕانەوەی گەمارۆ دەریاییەکان لە لایەن واشنتنەوە.

ئاراستەی هۆشدارییەکان بۆ دەوڵەتانی کەنداو

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوکەدا باس لەوە دەکرێت، سعوودیە، ئیمارات و هاوپەیمانەکانی تر نابێت رێگە بدەن خاکیان دژی تاران بەکاربهێنرێت. ئێران بە فەرمی رایگەیاند کە هیچ کێشە و دوژمنکارییەکی لەگەڵ دەوڵەتانی هاوسێ لە کەنداوی فارسدا نییە و دەیەوێت پەیوەندی دۆستانە لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و رێزی دوولایەنە بپارێزێت؛ بەڵام هۆشداری توندی دا کە پێویستە بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئایینیی خۆیان هەڵبگرن و رێگری بکەن لەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل خاک و فڕۆکەخانەکانیان بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر گەلانی موسڵمانی دراوسێ.

ئێران جەختی کردەوە، بە پشت بەستن بە هێز و فەرماندەیی ژیرانەی موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵا، و پاڵپشتیی گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکان و دیپلۆماسییەکی هۆشیار، بەهێزەوە بەردەوام دەبێت لە بەرگری لە شەرەف و ناسنامەی نیشتمانی لە بەرامبەر هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ راشیگەیاند ئەم جەنگە تەنیا جەنگی بزووتنەوەی حەماس نییە، بەڵکو جەنگی گەلی ئێرانە بۆ بەرگری لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەها مرۆییەکان لە بەرامبەر دوو دەسەڵاتدا کە بە زۆرەملێ، جەنگ و جینۆساید بەدوای زیندووکردنەوەی داگیرکاریی کۆن لە جیهاندا دەگەڕێن.