عێراقچی: تاران بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا ئامادەیە

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، پرسی بەردەوامیی پیلانەکان و هەنگاوە دوژمنکارانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا تاوتوێ کرد.

شەممە 1ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا سعوودیەکەی ئاماژەی بە ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی کرد بۆ پاراستنی سەروەری، یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی و رایگەیاند،  هەر جۆرە دەستدرێژی و کارێکی دوژمنکارانەی ئەمریکا و ئیسرائیل، یان بەشداری و هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵیاندا، بەرەوڕووی وەڵامێکی توند و گونجاوی هێزە چەکدارە بەهێزەکانی ئێران دەبێتەوە.

هەروەها عێراقچی جەختی لەوە کردەوە، بەرپرسیارێتی تەواوی لێکەوتەکانی هەر جۆرە سەرکێشییەک لە ناوچەکەدا، لە ئەستۆی ئەو لایەنانە دەبێت کە دەبنە هۆکاری دروستکردنی قەیرانەکان.

ئەم لێدوانەی عەباس عێراقچی دوای ئەوە دێت، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەبۆنەی دوایین پێشهاتەکانی جەنگەوە، راگەیەندراوێکی فەرمیی لە ژێر ناونیشانی "بەردەوامیی بەرگریی نیشتمانیی گەلی ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکادا" بڵاوکردەوە.

سەرکۆنەکردنی هێرشەکان و رۆڵی هێزە چەکدارەکان:

وەزارەتی دەرەوەی ئێران سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی پێشکەش بە کۆمەڵگەی دیپلۆماسی و هێزە چەکدارەکان و پاسداران دەکات کە بەرگری لە کەرتی ئاسایشی نیشتمانی دەکەن.

 ئێران جەختی کردەوە لەو بارودۆخەی کە ئەمریکا لە پەیمانشکێنی و پێشێلکردنی بەڵێنەکانیدا بەرامبەر بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهاتنی جەنگ لە 28ـی حوزەیراندا بەردەوامە، هاوکات گەمارۆیە دەریاییوکانی سەر بەندەرەکان و کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران، و هێرشەکانی سەر ناوچە جیاوازەکانی وڵات، و فشارە ئابوورییەکان و هەڕەشە نایاساییەکان چڕتر کردووەتەوە؛ هێزە چەکدارەکانمان بە تەواوی هێز و توانای خۆیانەوە وەڵامی ئەم پێشێلکارییانە دەدەنەوە.