دەبێت تا کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم مووچەخۆران لە پڕۆژەی هەژماری من خۆیان تۆمار بکەن

بە گوێرەی دوا ئامار تا ئێستا %96ـی مووچەخۆرانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمارکراون، ئەوانەشی تا ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە، تا کۆتایی ئەم مانگە دەرفەتیان هەیە، ئەگەرنا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە مووچەکانیان نانێردرێت.

پرۆژەی هەژماری من رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی بڕیارێکی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان تا 31ـی ئابی 2026 لەم پرۆژەیە خۆی تۆمار نەکات و کارتە بانکییەکەی لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من وەرنەگرێتەوە، شایستەی دارایی و مووچەکەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رادەگیرێت و نانێردرێت. 

بە گوێرەی دوا ئاماری پرۆژەکە تا ئێستا 96% مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە رێگەی هەژماری من تۆمارکراون و زیاتر لە 950 هەزار مووچەخۆر کارتە بانکییەکانییان وەرگرتوەتەوە و بە دیجیتاڵی و لە رێگەی بانکەکانەوە مووچەکانییان وەردەگرن. 

هەروەها ئاماژەیداوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم رێکارە پێویستەکانی گرتووەتەبەر بۆ تۆمارکردن و بە بانکیکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؛ هەربۆیە داوا لەو مووچەخۆران دەکرێت کە ئاگاداری مۆبایلەکانییان بن، چونکە پڕۆژەی هەژماری من لە رێگەی واتسئاپ، ڤایبەر و کورتەنامە ئاگاداریان دەکاتەوە لەوەی کارتەکانییان ئامادەیە لە بانکێکی دیاریکراو، بۆ ئەوەی بچن وەریبگرنەوە.

شار رێژەی سەدی مووچەخۆری تۆمارکراو
هەولێر %99
سلێمانی %94
دهۆک %99
کۆی گشتی هەرێمی کوردستان %96

هەروەها پرۆژەی هەژماری من لەبارەی چۆنیەتی خۆتۆمارکردن و وەرگرتنی زانیاریی ئاماژەیداوە، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ژمارە 1991ـی مۆبایلەوە پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی هەژماری من بکەن. 

پڕۆژەی هەژماری من، لە ساڵی 2023 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا، وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.