کۆیە و تەق تەق؛ دابەشکردنی بەنزین لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات
لە پێناو رێکخستنەوەی پرۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنی، قایمقامیەتی قەزای کۆیە بڕیاریدا دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بکاتە ئەلکترۆنی و تەنیا ئەو شۆفێرانە سوودمەند دەبن کە کارتی سووتەمەنییان هەیە.
رۆژی یەکشەممە، 02ی ئابی 2026، قایمقامیەتی قەزای کۆیە لە ئاگادارییەکدا بۆ شۆفێرانی سنوری قەزاکە و ناحیەی تەق تەق رایگەیاند، دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵی حکوومی بە نرخی 750 دینار، تەنیا لە رێگەی کارتی ئەلکترۆنیی سووتەمەنی دەبێت. بەپێی بڕیارەکە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 40 لیتر بەنزین دابین دەکرێت و لە سەرجەم بەنزینخانەکاندا ئامێری زیرەکی خوێندنەوەی کارت دانراوە.
تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "ئەو بڕە بەنزینەی بۆ کۆیە و تەق تەق دێت، رۆژانە بەپێی بڕەکەی لە 1 بۆ 3 بەنزینخانە دابەش دەکرێت."
قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوەشدا، کە پرۆسەکە هاوشێوەی ناوچەکانی تری پارێزگای هەولێرە و دانیشتوانی کۆیە و تەق تەق دەتوانن سوود لە "کۆبۆنی گاز" وەربگرن، چونکە ئەو کۆبۆنە هەموو بەشە سووتەمەنییەکانی تێدا دیاریکراوە.
تاریق حەیدەری جەختی کردەوە کە لە سبەی دووشەممەوە، لە بەنزینخانەکانی کۆیە و تەق تەق بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت بە کارت دابەش دەکرێت. هاوکات داوا لەو هاووڵاتییانە کرا کە هێشتا کارتی ئەلکترۆنیی سووتەمەنییان نییە، سەردانی بەنزینخانەکان نەکەن، چونکە بەبێ کارت هیچ بڕە بەنزینێکیان پێنادرێت.