ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی دەکرێت
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوای نزیکەی حەوت ساڵ لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ، کە بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەی سەرێ کانی بەسەر دانیشتووانەکەیدا سەپێنرا، لە ئێستادا ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە رەسەنەکانیان دەستیپێکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە رێکار و هەماهەنگیی چڕ لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەڕێوەدەچێت بۆ تەواوکردنی لایەنە ئەمنی و لۆجستییەکان.
جگە لە خۆحاڵی ئاوارەکان بە گەڕانەوەیان، بەڵام تا ئێستا ئەو ئاستەنگانە لە ئارادان کە پەیوەستن بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام و شکۆمەندانە.
لەو بارەوە یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤی سووریا رایگەیاند، بڕیارە یەکەم کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە رەسەنەکانیان لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست پێبکات، گوتیشی، قۆناخی یەکەمی ئەم پڕۆسەیە ئاوارەکانی دەوروبەری باشوور و رۆژئاوای سەرێ کانی دەگرێتەوە، کە زۆربەیان لە پێکهاتەی عەرەبن.
ئەو بەرپرسە روونی کردەوە، هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی سووریا و بەڕێوەبەریی خۆسەردا هەیە سەبارەت بە لایەنە ئەمنی، لۆجستی و میکانیزمەکانی گواستنەوە، ئاماژەی بەوەش دا، بڕە پارەیەکی رەمزی دەبەخشرێت بەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە ناوچە رەسەنەکانیان، ئەمەش وەک پشتگیرییەک بۆ پڕۆسەکە.
هەروەها ئەوەشی خستە روو، هێشتا ژمارەیەک کێشە هەن کە بوونەتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی سەرجەم دانیشتووان بۆ سەنتەری شاری سەرێ کانی و گوندەکانی دەوروبەری، کە دیارترینیان بوونی ئەو ئاوارەنەیە کە لە ئێستا لە خانووی هەندێک لە ئاوارەکانی سەرێ کانین، لەم رووەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی سووریا بەڵێنیان داوە چارەسەری ئەم کێشانە بکەن و کار بۆ ئامادەکردنی بارودۆخێکی گونجاو بکەن بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیەکی ئارامی ئاوارەکان.
لەم چوارچێوەدا، یەکێک لە ئافرەتە ئاوارە رەسەنەکانی سەرێ کانی کە لە ئێستادا لە کەمپی نەورۆز لە حەسەکە نیشتەجێیە، لە لێدوانێکدا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، کارگێڕی کەمپەکە چەندین خێزانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی پێویستە ناوەکانیان تۆمار بکەن وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەیان بۆ دەوروبەری سەرێ کانی و سەنتەری شار، جەختیشی کردەوە، تا ئێستا ژمارەی خێزانە تۆمارکراوەکان بۆ گەڕانەوە لە کەمپی "نەورۆز" گەیشتووەتە نزیکەی 50 خێزان.
دانیشتووانی سەرێ کانی و دەوروبەری لە ساڵی 2019ـەوە و دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بە هاوکاریی گرووپە چەکدارە سوورییە نیزیکەکانی ئەنقەرە، رووبەڕووی کۆچپێکردنی زۆرەملێ بوونەوە.