کۆریای باشوور گەرمترین رۆژی لە مێژوو تێدەپەڕێنێت

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر دەستپێکردنی تۆمارە کەشناسییەکان، کۆریای باشوور بەرزترین پلەی گەرمای لە مێژووی وڵاتەکەدا تۆمارکرد و لە یەکێک لە شارەکان گەرمایەکی پێوانەیی تۆمارکرا.

رۆژی یەکشەممە، 02ی ئابی 2026، بەگوێرەی ئاژانسی کەشناسی حکوومەتی کۆریای باشوور، شاری یانگزان لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆریا، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکرد کە گەیشتە 42.5 پلەی سیلیزی لە کاتژمێر 1:26 خولەکی پاشنیوەڕۆ، ئەمەش بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ماڵپەڕی فەرمی فەرمانگەی کەشناسی کۆریا (KMA) بڵاوکراونەتەوە.

شاری یانگزان بووەتە چەقی ئەو شەپۆلە گەرمایەی کە ئێستا وڵاتەکەی گرتووەتەوە، بە شێوەیەک بۆ پێنجەم رۆژ لەسەریەک پلەکانی گەرما لەو شارەدا لە سەرووی 40 پلەی سیلیزی بوون.

بەشێکی زۆری ناوچەکانی کۆریای باشوور خراونەتە ژێر هۆشداریی گەرماوە و لە زۆرێک لە شارەکاندا پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی 40 پلە بەرزبووەتەوە. رۆژی یەکشەممە زیاتر لە 20 ناوچە لەژێر "هۆشداری باری نائاسایی گەرما"دا بوون، کە ئەمە جۆرێکی نوێی هۆشدارییە.

هۆشداری باری نائاسایی کاتێک رادەگەیەنرێت کە پێشبینی بکرێت پلەی گەرمای هەستپێکراو بگاتە 38 پلە، یان پلەی گەرمای راستەقینە بۆ ماوەی یەک رۆژ بگاتە 39 پلەی سیلیزی.

داتاکانی فەرمانگەی کەشناسی کۆریا (KMA) نیشانی دەدەن کە تێکڕای ساڵانەی رۆژانی شەپۆلی گەرما لەو وڵاتەدا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بۆ 19 رۆژ زیادیکردووە، لە کاتێکدا لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا تەنیا هەشت رۆژ بووە.

زانایان هۆشداریی دەدەن کە دیاردە کەشناسییە توندەکان، وەک شەپۆلەکانی گەرما، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییە مرۆییەکانەوە، خێراتر، توندتر و بەردەوامتر دەبن.