لە تەقینەوەکەی رووسیا پەرلەمانتارێکی کورد بریندار بووە

لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە چێشتخانەیەکی مۆسکۆ، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 19 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ لە نێو بریندارەکاندا زەلیمخان موتسۆیێڤ، پەرلەمانتاری کوردی رووسیا هەیە کە ئامادەی ئاهەنگێکی تایبەتی فەرماندەیەکی سەربازی بووە.

دوای رووداوەکە میدیاکانی رووسیا بڵاویان کردەوە، ژەنەڕاڵ ئەلیکساندەر چایکۆ، فەرماندەی گشتی هێزە ئاسمانییەکانی رووسیا بە بۆنەی 55ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونی و دەستنیشانکردنی وەک فەرماندەی گشتی هێزە ئاسمانییەکانی رووسیا، هەشت پەرلەمانتار و ژمارەیەک بەرپرس و کاربەدەستی سەربازی و ئەمنی وڵاتەکەی بۆ ئێوارە ئاهەنگێکی تایبەت لە خواردنگەیەکی ئیتاڵی لە شەقامی کودرینسکۆی مۆسکۆ بانگهێشت کردووە.

میدیاکان ئەوەیان خستەروو کە مەیباخـە تایبەتەکەی زەلیمخان موتسۆیێڤ ئەندامی پەرلەمانە کوردەکەی رووسیا لەبەردەم شوێنی تەقینەوەکە بووە؛ کوردستان24 لە زاری کەسە نزیکەکانیەوە زانیویەتی، زەلیمخان موتسۆیێڤ، یەکێک بووە لە میوانە ئامادەبووەکانی ئێوارەی دوێنێ شەممە، بەهۆی رووداوەکەوە برینداربووە و  ئێستا تەندرووستی زۆر باشە.

پێشتر کۆمیتەی نیشتمانی دژە تیرۆری رووسیا رایگەیاندبوو، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی دەستکرد لە چێشتخانەیەکی مۆسکۆ سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی ئاب، دوو برینداری دیکە گیانیان لەدەستدا، ئەوەش خراوەتە روو کە برینی شەش کەسی دیکە سەختە.

کۆمیتەی نیشتمانی دژە تیرۆری رووسیا ئەوەی خستبووڕوو مەزندە دەکەن کە لە تەقینەوەکەدا یەک کیلۆگرام تێنتی بەکار هاتبێت.

دوێنێ ئاماژە بەوە کرابوو، ژنێک کە کاری دیلیڤەری کردووە، بە کارتۆنێکی پێچراو کە گوایە دیاری تێدایە، ویستویەتی بچێتە ژوورەوە و دیارییەکە بداتە ژەنەراڵ چایکۆ، بەڵام یەکێک لە پاسەوانانی بەردەم خواردنگەکە رێگری لێدەکات، لەو کاتەدا کارتۆنە پێچراوەکە دەتەقێتەوە و راستەوخۆ ژنەکە و پاسەوان و کەسێکی دیکەش گیانیان لەدەستدا، دواتریش بەهۆی سەختی برینەکانیان دوو کەسی تر لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.

زەلیمخان موتسۆیڤ

زەلیمخان موتسۆیڤ، کوردی ئێزیدی رووسیایە و لە 13/10/1959، لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا لەدایکبووە، لە تەمەنی 10 ساڵیدا دایک و باوکی کۆچی دواییان کردووە، بۆیە ئەرکی بەخێوکردن و  چاودێری تاکە برا و دوو خوشکی کەوتووەتە ئەستۆ.

-ساڵی 1979 بۆ 1981 لە سوپای سۆڤیەتی خزمەتی سەربازی کردووە.

-ساڵی 1989 کۆلێژی ئابووری و رێکخستنی بیناسازی تەواوکردووە.

-لە ساڵی 1988 کۆمپانیای ماڵداری و دروومانی دروستکردووە و گەشەی بە کارەکەی داوە و پاشان ھاتۆتە مۆسکۆ و بووەتە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی خاوەنکارانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو.

-ساڵی 1994-1995 بووەتە سەرۆکی یەکێتی خاوەنکارانی رووسیا.

-ساڵی 1999 بۆ یەکەمجار وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ لە ھەرێمی پێرڤەئوڕاڵسک چووە نێو کێبرکێی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا و بە ئەنجامێکی بەرچاو سەرکەوتنی بەدەستھێناو بووە یەکەم پەرلەمانتاری کورد لە دیرۆکی رووسیادا.

-بۆ جاری دووەم لە ساڵی 2003 بە ئەندامی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە.

-ساڵی 2000 بووەتە نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا.

-ساڵی 2005 چووەتە ریزەکانی پارتی یەکگرتووی رووسیا و ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو پارتەیە، کە فەرمانرەوایی رووسیا دەکات و بە پارتەکەی پوتین ناسراوە.

-ساڵی 2007 بۆ جاری سێیەم سەرکەوتنی بەدەستھێنا و بوویەوە ئەندامی پەرلەمان.

-لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ساڵی 2012 بۆ جاری چوارەم بە ئەندامی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە.

-ساڵی 2016 بۆ جاری پێنجەم بە ئەندامی پەرلەمان ھەڵبژێردرایەوە.

زەلیمخان موتسۆیێڤ، بۆ ماوەی زیاتر لە 16 ساڵ جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی رووسیا بووە، لەساڵی 2018وە بووەتە ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایش پەرلەمانی رووسیا و سەرۆکی لیژنەی ھەماھەنگی پەرلەمانی رووسیای فێدراڵ و عێراقی فێدراڵە.