زەیدی: لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و چەسپاندنی یاسا بەردەوام دەبین
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، کۆبووەوە و تێیدا پەرۆشیی حکوومەتەکەی بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازی و چەسپاندنی یاسا دووپات کردەوە.
یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی جەختی لەسەر پەرۆشیی حکوومەتەکەی کردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی بەندەکانی کارنامەی حکوومی، هاوشانی بەردەوامبوونی سەرجەم ئەو هەنگاو و رێکارانەی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی بنەماکانی سەروەریی یاسادا گیراونەتە بەر.
لە لایەن خۆیەوە، عەممار حەکیم، ستایشی رێکار و هەوڵەکانی حکوومەتی کرد لە بواری دژایەتیکردنی گەندەڵیدا، هاوكات جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی ئەم چاکسازییانە بەپێی چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە چەسپاندنی دادپەروەری و پاراستنی مافی گشتی لە وڵاتدا بکات.