بەرپرسانی ئەمریکی: بژاردەکانمان بەرامبەر ئێران سنووردارن
گۆڤاری پولیتیکۆ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و کۆشکی سپییەوە بڵاوی کردەوە، واشنتن لە ئاست مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی ئێراندا تووشی بێهیوایی بووە و بژاردەکانی بەردەمی سنووردارن.
یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، گۆڤاری پۆلۆتیکۆ لە زاری چەند بەرپرسێکی نێو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گواستییەوە، تیمی ترەمپ پێیان وایە زۆر دوورە پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم بگەنە هیچ رێگەچارەیەکی گونجاو بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانەی کە وڵاتەکەیان لەگەڵ ئێران تێیکەوتووە، چونکە ئێستا دۆخەکە بە جۆرێکە نە جەنگ و نە ئاشتی تەواوەتی لە ئارادا نییە، بەڵکو هەردوولایەن لەو نێوەندە ماونەتەوە و بە هێرشە سنووردارەکان و هەڕەشەکانیان وەڵامی یەکتر دەدەنەوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، تێپەڕبوونی رۆژانەی ملیۆنان بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا، باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئێران کۆنترۆڵی بەسەر ئەو رێڕەوەدا نییە.
هەروەها هۆشدارییان داوە، بۆ هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی ئەمریکا قەدەغەیە داوای گەرەنتی یان مۆڵەتی تێپەڕبوون لە ئێران بکەن بۆ تێپەڕین لە گەرووی هورمز، هاوکات جەختیان کردەوە هەر لایەنێکی بیانی مۆڵەت یان گەرەنتی لە ئێران وەربگرێت بۆ تێپەڕین لە گەرووەکە، رووبەڕووی سزاکانی ئەمریکا دەبێتەوە.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بە گوتەیەکی پێشووی دۆناڵد ترەمپ کردووە کە رایگەیاندبوو: "گەرووی هورمز لە رووی ئێراندا داخراوە و بۆ هەموو لایەکی دیکە کراوەیە."
ئەم قسانەی بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، گرژییەکانی ناوچەکە بە گشتی و گەرووی هورمز بە تایبەتی تا دێت روو کە زیادبوونە و هێرشەکانی سەر ئێران لە لایەک و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو لە لایەکی دیکەوە دۆخەکەی زیاتر تەمومژاوی کردووە.