پەرلەمانی ئێران تاوتوێی 12 پڕۆژەیاسا بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دەکات
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای دەکات کە خەریکی داڕشتنی پڕۆژەیاسایەکی گشتگیرن بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش جەخت دەکاتەوە کە دۆخی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە ناگەڕێتەوە بۆ پێش دەستپێکردنی جەنگ.
یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لیژنەکە، تاووتوێکردنی پڕۆژەیاسای "بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە" و 12 پڕۆژەی دیکەی پەیوەست بەو بابەتە بووە کە پێشتر لەلایەن نوێنەرانی پەرلەمانەوە پێشکەش کرابوون و ئێستا لە قۆناخی بەراوردکاری و گونجاندندان.
رەزایی روونیکردەوە، پڕۆژەیاسای سەرەکی لە دانیشتنەکانی پێشووی لیژنەکەدا تاووتوێ کراوە و گەیشتووەتە ئەنجام، بۆیە ئێستا دەرفەت بۆ هاوئاهەنگکردنی سەرنج و پێشنیازە نوێیەکان رەخساوە. بڕیاریش دراوە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی دژبەری و دەستێوەردان لە نێوان یاساکاندا، تێکڕای خاڵە هاوشێوە و ناڕوونەکان لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی بەندە کاریگەر و ماوەبەسەرچووه کۆنەکان لێکبدرێنەوە تا پڕۆژەیەکی هەمەلایەنە دابڕێژرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی ئەمنی و سیستمی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی پێش دەستپێکردنی جەنگ هەبوو. هەروەها ئاشکرای کرد، دانوستانەکانی ئێستا لەگەڵ عومان لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئەم رێڕەوە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و لە تەواوبووندایە.
ئەم پێشهاتە یاسایی و دیپلۆماسییانەی تاران هاوکاتن لەگەڵ توندبوونی ململانێ و بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا. ئەم دۆخەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە کاریگەریی هەر بڕیار یان رێککەوتنێکی نوێ لەسەر ئازادیی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا؛ گەروویەک کە بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان دادەنرێت و زیاتر لە پێنج یەکی (20٪) نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.