بەغدا و قاهیرە: دیالۆگ و دانوستان تاکە رێگەی چارەکردنی کێشەکانی ناوچەکەن
وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی، ئامادەکارییەکانیان بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی عەممان لەسەر پرسی قودس تاوتوێ کرد، هاوکات هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی وڵاتە عەرەبییەکان لە بەرامبەر کێشە هاوبەشەکان کردەوە.
یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بە تەلەفۆن لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر گفتوگۆی کرد و هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەیەکاین تاوتوێ کرد.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، فوئاد حوسێن سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە لە رێگەی درۆنەوە دوو کەشتی لە بەندەری دەمیاتی میسر کرابوویە ئامانج.
هاوکات هاوسۆزیی عێراقی لەگەڵ میسردا دووپات کردەوە و رایگەیاند: عێراق هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان و سەلامەتیی دەریاوانی بە توندی رەت دەکاتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، هەردوولا باسیان لە ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی بڕیاردراو لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو کردووە، کە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی شاری قودس؛ هاوكات جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی هەڵوێستە وڵاتە عەرەبییەکان لە هەمبەر پرسە هاوبەشەکاندا کردەوە.
هەروەها هەردوو وەزیر نوێترین پێشهاتە هەرێمییەکان، بە تایبەتی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە ململانێی گەرووی هورمزیان تاوتوێ کرد و، جەختیان لەوە کردەوە کە چارە بەردەوامەکان لە رێگەی گەڕانەوە بۆ دانوستان و گرتنەبەری رێگە ئاشتییانەکان و دیالۆگ بۆ چارەکردنی کێشەکان بەدی دێن، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکات.