ئیمارات و کوەیت پرسی بەهێزکردنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و کوەیت، نوێترین پێشهاتە هەرێمییەکان و ئەو هەوڵانەیان تاوتوێ کرد کە بە ئاراستەی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەدرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، عەبدوڵڵا بن زايد ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات و جەراح جابر ئەحمەد، وەزیری دەرەوەی کوەیت، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

ئاژانسی هەواڵی ئیمارات (وام)، بڵاوی کردەوە، لە میانەی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، گفتوگۆ لە بارەی نوێترین پێشهاتە ناوچەییەکان و ئەو هەوڵانە کراوە کە بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەدرێن.

هەروەها، هەردوولا پێداچوونەوەیان بە کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی هاوبەشدا کرد کە پێوەستن بە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و چوارچێوەکانی هاوکاریی دووقۆڵیی نێوانیان.