هێزێکی یەکێتیی ئەوروپا پشکنین بۆ کەشتییەکی کەشتیگەلی سێبەری رووسیا ئەنجام دەدات
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی یەکێتیی ئەوروپا کە بە ئێرینی ناسراون، رۆژی یەکشەممە چوونەتە سەر کەشتییەکی نەوتی سەر بە "کەشتیگەلی سێبەر"ی رووسیا، ئەمە دووەم ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیەیە لە ماوەی دوو هەفتەدا و نیشانەی توندکردنەوەی چاودێرییەکانی ئەوروپایە بەسەر ئەو کەشتییانەی یارمەتی مۆسکۆ دەدەن بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی نەوت.
یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا رایگەیاند، کەشتی "توا بایوه" (Tua Bayue) کە پێشتر لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە، لە دەریای ناوەڕاست و لە رۆژئاوای دوورگەی بانتێلێریای ئیتاڵی لە کاتی گەشتکردنی لە بێنین بەرەو ئەستەنبوڵ راگیراوە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم کەشتییە هەفتەی رابردوو لە وڵاتی کامیرۆن تۆمار کراوە، بۆیە دەسەڵاتە دەریاییەکان دەستیان بە پشکنین کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە یاسایی بوونی ئاڵاکەی و راستیی بەڵگەنامەکانی تۆمارکردنی.
بەهۆی ئەوەی سەرەتا کاپتنی کەشتییەکە ئامادەی هاوکاری نەبوو، تیمێکی سەربازیی ئیتاڵی لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە لەسەر کەشتییەکە دابەزیون، هاوکات پشکنینەکە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە و بە پاڵپشتیی کەشتییەکی یۆنانی و فڕۆکەیەکی پۆڵەندیی تایبەت بە چاودێریی دەریایی ئەنجام دراوە، ئاماژە بەوەکراوە، هەرچەندە هێزەکانی "ئێرینی" دەسەڵاتی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانیان نییە، بەڵام هەموو ئەو بەڵگەنامانەی لە کاتی پشکنینەکەدا کۆکراونەتەوە، دەدرێنە دەسەڵاتە نیشتمانییەکان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێکاری یاسایی و دەستبەسەرداگرتنیان بەرامبەر بگرنە بەر.
ئەم هەنگاوەی ئەوروپا دوای ئەوە دێت، یەکێتییەکە سزای بەسەر دەیان کەشتیی "کەشتیگەلی سێبەر"ی رووسیادا سەپاندووە، کە مۆسکۆ بەکاریان دەهێنێت بۆ گواستنەوەی نەوت و شکاندنی ئەو سنووربەندییانەی بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە بەسەریدا سەپێنراوە.
هێزە دەریاییەکانی "ئێرینی" کە لە ساڵی 202ـەوە بۆ چاودێریکردنی گەمارۆی چەک لەسەر لیبیا دامەزراون، ئێستا دەسەڵاتەکانیان فراوان کراوە بۆ پشکنینی ئەو کەشتییانەی گومانیان لێ دەکرێت بە ئاڵای ساختە و بۆ مەبەستی نایاسایی هاتوچۆ بکەن، هەر لەو چوارچێوەیەشدا، رۆژی 20ـی تەممووزیش کەشتییەکی دیکەی هاوشێوە بە ناوی "ساوس ستار" لە لایەن هەمان هێزەوە پشکنینی بۆ ئەنجام درابوو.