سعوودییە پەرۆشیی خۆی بۆ چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکە دووپات دەکاتەوە

وەزیرانی دەرەوەی سعوودییە و ئێران، نوێترین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، لەگەڵ تیشکخستنە سەر بەردەوامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان.

یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، فەیسەڵ بن فەرحان بن عەبدوڵڵا، وەزیری دەرەوەی سعوودییە و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، 

وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی ئێستای ناوچەکە تاوتوێ کراون؛ لەگەڵ تاوتوێکردنی گرنگیی بەردەوامبوونی سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە ئاراستەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان."

بە پێی راگەیەنراوەکە، وەزیری دەرەوەی سعوودییە دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی پەرۆشە بۆ "بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی رۆڵی ناوچەیی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی سەرجەم وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بپارێزێت و بە دی بهێنێت."