ترەمپ: هێرشە گەورەکەم بۆ سەر ئێران راگرت و لهگهڵیان گفتوگۆ دهكهین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، دانوستانی نوێ لەگەڵ ئێران دەستپێدەکات، ئاماژەی بەوەش کرد لێکتێگەیشتن لەسەر پرسی گەرووی هورمز هەیە و متمانەی هەیە کە دەتوانرێت رێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش بکرێت.
دووشەممە 3ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، واشنتن لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنی ئێرانی بۆ دیاریکردنی شێوازی گفتوگۆکان و گوتی: "پێکەوە قسە لەسەر دانوستانەکان دەکەین و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئاب دەست پێ دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، واشنتن ئامادەکاریی کردبوو بۆ جێبەجێکردنی هێرشێکی سەربازیی یەکجار فراوان و گەورە بۆ سەر ئێران و گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکە دەبووە گەورەترین هێرش لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە"، بەڵام بڕیاریداوە هێرشەکە رابگرێت و دەرفەت بە گفتوگۆ بدات، جەختیشی کردەوە سوپای ئەمریکا لە هەر کاتێکدا بیەوێت ئامادەیە بۆ جووڵەی سەربازی ئەگەر گفتوگۆکان بە خێرایی نەگەنە ئەنجام.
باسی لەوەشکرد، هەڵپەساردنی هێرشەکان دوای ئەوە هات، تاران و چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان کردووە دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدرێت، رونیشیکردەوە ئەم بڕیارە مەرجدارە بە رێککەوتن لەسەر کردنەوەی دەستبەجێ و تەواوەتیی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بەو مەترسییانەی کە واشنتن بە هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران ناویان دەبات.
لە بەرامبەردا، تاران تا ئێستا دەستپێکردنی گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ واشنتن پشتڕاست نەکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ عومان تەنیا پەیوەستە بە دۆزینەوەی رێڕەوێکی نوێی دەریاوانی لە گەرووی هورمز بە جۆرێک مافی هەردوولا بپارێزێت، نەک رێککەوتن بەپێی مەرجەکانی ئەمریکا.