12 ساڵ لەمەوبەر هەزاران کوردی ئێزدی بەدەستی داعش کۆمەڵکوژ کران
ئەمڕۆ 12 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی تێدەپەڕێت، کە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا چەکدارانی داعش دوای کۆنترۆڵکردنی شاری مووسڵ پەلاماری شنگال و دەوروبەریاندا و دەستیان لە رەشەکوژی گەورە و بچووک و رفاندنی کچان و ئافرەتانی ئێزدی نەپاراست.
پەرلەمانی کوردستان رۆژی 3ـی ئابی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە و ئەمڕۆ کە 12 ساڵ بەسەر کۆمەلکوژی کوردانی ئێزدی تێدەپەڕێت. لە هێرشەکەی ساڵی 2014ـی داعش بۆ سەر شنگال؛ هەزاران کەس کوژران و بێسەروشوێنبوون و دەیان هەزار کەسی دیکەش ئاوارەبوون و بەشێکیشیان کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کرد.
هێرشەکەی داعش لە 2014 بۆ سەر شنگال؛ کوژران و ئاوارەبوونی هەزاران ئێزدی
لە هێرشەکەی رۆژی 3ـی ئابی ساڵی 2014ـی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی تیرۆریستانی داعش. کە چەندین ساڵ لەم چیایە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان لە رێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و کەمپەکاندا نیشتەجێ بوون، بەشێکیشیان روویان لە هەندەران کرد.
بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.
دوای هێرشەکانی داعش تا ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.
دۆخی شنگال و ئێزدییەکان دوای نۆ ساڵ لە هێرشەکەی داعش
بەھۆی پەلامارەکانی داعشەوە بۆسەر شارۆچکەی شنگال، زیانی زۆری ماددی بە ژێرخانی شارۆچکەکە کەوت و ژمارەیەک زۆری خانوو رووخان و ژمارەیەک مەزارگەی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە تەقێندرانەوە.
رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال دەستپێکرد و لە 24 کاتژمێردا، شنگال ئازاد کرا.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550 هەزار کەسە؛ بەهۆی دۆخی شنگالەوە ئێستا زۆرینەی ئێزدییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانیان دەژین.
خەڵکی شنگال هۆکاری نەگەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان بۆ بوونی گرووپە چەکدارەکان، نەبوونی خزمەتگوزاری و سەقامگیری دەگەڕێننەوە.
رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال
9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق لە بەغدا واژۆ كرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە:
هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ
حكوومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات
دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ
كۆتاییهێنان بەبوونی گرووپەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)
هیچ ئەندامێکی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت
هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن
تاوەکو ئێستا رێککەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا جێبەجێنەکراوە و کوردانی ئێزدی حکوومەتی عێراق بە بەپرسیار دەزانن لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگال و دەرکرنەکردنی هێزە چەکدارە نایاساییەکانی وەکو پەکەکە و حەشدی شەعبی و دەڵێن، "حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و دەرکردنی گرووپە ناشەرعییەکان جددی نییە و ئامادە نییە ".
ئەمەش وایکردووە خەڵکی رەسەنی شارەکە مانەوەیان لە کەمپەکان پێ باشتر بێت، نەک گەڕانەوە بۆ نێو ترس و دڵەڕاوکێ و چارەنووسێکی نادیار.
بەجینۆسایدناسانی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی
چوارشەممە 2ـی ئابی 2023، حکوومەتی بەریتانیا بە فەرمی تاوانەکانی داعش دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندبوو "حکوومەتی بەریتانیا بە فەرمی دان بەوەدا دەنێت، ساڵی 2014 داعش خەڵکی ئێزدی جینۆساید کردووە."
پێشتر و لە 19ـی کانوونی دووەمی 2023، پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند. بەوەش بووە چوارەم پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا کە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسێنێت.
6ـی تەممووزی 2021، پەرلەمانی هۆڵەندا بە زۆرینەی دەنگ هێرش و کارەکانی داعشی بەرامبەر کوردانی ئێزدی لە باشووری کوردستان بە جینۆساید ناساند و لە رۆژی 15ـی تەممووزی 2021، پەرلەمانی بەلجیکا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی لە لایەن داعشەوە بە جینۆساید ناساند.
ساڵی 2016 پەرلەمانی فەرەنسا وەک یەکەم پەرلەمان تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدیی بەجینۆساید ناساند. دواتر پەرلەمانی وڵاتانی هۆڵەندا و بەلجیکاش ئەو هەنگاوەیان نا.
بە گوێرەی ئاماری نووسینگەى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتى هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 وڵات کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانییان بەجینۆساید ناساندووە.
لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە داخەوە دوای 12 ساڵ، کەچی تا ئێستا 15 کەمپی ئاواران ماوە و 20 هەزار خێزان ئاوارە لە کەمپەکاندان ماون، کە دەکاتە 110 هەزار کەس.
گۆڕە بە کۆمەڵەکان و تاکە کەسییەکان
3595 رزگارکراو
96 گۆڕی بە کۆمەڵی کوردانی ئێزدی هەبوون
77 گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدراونەتەوە
66 گۆڕی تاکە کەسی هەبوون
55 گۆڕی تاکە کەسی هەڵدراوەتەوە
لە سەرجەم گۆڕە هەڵدراوەکاندا رووفاتی 857 کەس دەرهێنراوە و تا ئێستا رووفاتی 500یان لە پزیشکی دادی بەغدا راگیراون و 300 رووفاتیش گەڕێندراوەتەوە و لە شنگال بەخاکسپێردراون.