دەستەی مافی مرۆڤ داوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکات

دەستەی مافی مرۆڤ: پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی قوربانییان بکاتەوە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە 12ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پەلە بکات لە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال و دابینکردنی ئاسایش بۆ ناوچەکە، هەروەها جەخت لە پێویستی رزگارکردنی ئەو 2700 کەسە دەکاتەوە کە تا ئێستا بێسەروشوێنن.

لە پەیامەکەدا هاتووە;

ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ ئازارەوە یادی 12 ساڵەی جینۆساید و کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان دەکەینەوە. ئەو تاوانە دڕندانەیەی ئەو گروپانەی سەلماند کە چەندە دژی مرۆڤایەتی و ئاشتین؛ هەزاران ژن و منداڵیان کۆمەڵکوژ کرد و ئەو ناوچەیەیان وێران کرد.

بە داخی زۆرەوە دوای 12 ساڵ هێشتا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ئێزدی لەژێر دەستی ئەو گروپانەدا ماون، جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆری ئەو خەڵکە هێشتا لە ئاوارەییدا دەژین. پێویستە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ ئاسایش و ئارامی بۆ شنگال دابین بکات و ئاسانکاری بکات بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکە بۆ زێدی خۆیان.

هەروەها پێویستە لەسەر حکوومەتی فیدرالی پەلە بکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی شنگال کە لەگەڵ حکوومەتی هەرێم واژۆ کراوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەش بکاتەوە.

کارەساتی شنگال لە هزر و بیرمان دەمێنێتەوە و بە شکۆوە یادی ئەو قوربانییانە دەکەینەوە. هیوادارین هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ گەڕانەوە و رزگارکردنی ئەو هاووڵاتیانەی هێشتا ماون کە ژمارەیان زیاترە لە 2700 کەس؛ گەڕانەوەیان بۆ باوەشی کەسوکاریان و ناساندنی ئەو کەیسە وەک جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە دڵنیایی ئەو ئەرکەش لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقە کە بە جدی کاری لەسەر بکات.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان
03ی ئابی 2026