بەقایی: جارێ هیچ دانوستانێکمان لەگەڵ ئەمریکا نییە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەڵێت، لەم دۆخەی ئێستا هیچ دانوستانێکمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە، چونکە ئێستا ئێران سەرقاڵی کۆتاییهێنانە بەو لێکتێگەیشتنەی کە ئەمریکا چەند خاڵێکی پێشێلکردووە. 

ئەمڕۆ دووشەممە،  3ـی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئێستا هەوڵەکان لە رێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بەم ئاراستەیە کە ئەمریکا بگەڕێتەوە و پابەندی بەڵێن و بڕگەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتن بێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: هەر وەک ئەوەی سەرۆککۆمار جەختی لەسەرکردووەتەوە، دەبێت هەوڵ بدەین دوژمن ناچار بکەین پابەند بێت بەوەی واژۆی کردووە؛ ئێستاش دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ عومانە بۆ گەیشتنە میکانیزمێک بۆ زامنکردنی رێگەیەکی ئارام و پارێزراو بۆ هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا، هەربۆیە هەوڵەکانمان بە راوێژ لەگەڵ عومان و هاوکاریی وڵاتانی دیکەی نێوەندگیرە، تا رێگەیەک دیاری بکەین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بنەڕەتی گرفتی جوڵەی دەریایی لە گەرووی هورمز دابین و چارە بکەین.

بەقایی ئاماژەیدا، ئێستا ئەوەی هەیە دانوستانانێکی دوولایەنەیە لە نێوان دوو دەوڵەتی کەناراو، هەربۆیە لایەنەکانی دیکە دەتوانن لەم پڕۆسەیەدا رۆڵی بنیاتنەر یان وێرانکەر بگێڕن، ئەمەش پەیوەندی بە ئێران و عومانەوە هەیە، ئەوەی لە قۆناخی داهاتوودا چی روودەدات و چ بڕیارێک دەدرێت. 

بەقایی دەڵێت: گەرووی هورمز بەهۆی جیاوازیی بۆچوون لە نێوان ئێران و عومان دانەخراوە؛ بەڵکو بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوەیە، هەربۆیە تا ئەو کاتەی گەمارۆی دەریایی و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا دژی ئێران و بەرژەوەندییەکانی بەردەوام بێت، داخرانی گەرووەکەش بەردەوام دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەک نابێت.