باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان: پێویستە پاراستنی مەدەنییەکان مسۆگەر بکرێت
باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان هیوای خواست گفتوگۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە رۆما بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پێش هەر هەنگاوێک لایەنەکان لەسەر میکانیزمێکی روون و جێبەجێکارانە رێکبکەون تاوەکو ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی نەکەوێتە مەترسییەوە.
دووشەممە 3ـی ئابی 2026، میشێل عیسا، باڵیۆزی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت بڵاوکرایەوە رایگەیاند: "خۆشحاڵم بە بەردەوامیی گفتوگۆکان لە رۆما، و هیوادارم هەردوو حکوومەت بگەنە ئەنجامێکی سەرکەوتوو." هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە پێش هەموو شتێک، هەردوولا لەسەر میکانیزمێکی روون و گونجاو رێکبکەون پێش ئەوەی هەنگاوی دیکە بنێن.
میشێل عیسا روونیکردەوە، هێشتا کارێکی زۆری تەکنیکی ماوە بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی، چونکە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان تەنیا نووسینەوەی رێککەوتنێک لەسەر کاغەز و جێبەجێکردنی بە بەرپرسیارێتییەوە. ئاماژەی بەوەش دا پەلەکردن لەم بابەتەدا دەکرێت ژیانی ئەو مەدەنییانە بخاتە مەترسییەوە کە بڕیارە رێککەوتنەکە پارێزگارییان لێ بکات.
باڵیۆزی ئەمریکا گوتی: "بە بڕوای ئێمە، باشترە کاتی پێویست تەرخان بکرێت تا بابەتەکە بۆ یەکەمجار بە دروستی ئەنجام بدرێت، چونکە ئەم کارە یارمەتیدەر دەبێت تا لە ناوچە ئەزموونییەکانی داهاتوودا کارەکان بە کارامەیی و سەرکەوتوییەکی زیاترەوە بەرەو پێش بچن."
بڕیارە رۆژی سێشەممە، خولی حەوتەمی گفتوگۆ راستەوخۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە فەرمی دەستپێبکات.