حوسییەکان 6 کەشتیی سعوودیە ناچار بە گۆڕینی رێڕەو دەکەن
داتاکانی شوێنکەوتنی کەشتییەکان ئاشکرایان کرد، 6 کەشتیی نەوتهەڵگری سعوودی، رێڕەوی خۆیان لە کەنداوی عەدەن گۆڕیوە و لە گەرووی بابولمەندەب و دەریای سوور دوورکەوتوونەتەوە.
دووشەممە 3ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەوڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کەشتییە نەوتهەڵگرە سعوودییەکان ناچارن لەبەر مەترسی هێرشی حوسییەکانی یەمەن یاڕاستە و رێڕەوی هاتوچۆیان بگۆڕن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە دوای هەڕەشە توندەکانی گرووپی حووسییەکانی یەمەن دێت بۆ بەئامانجگرتنی ئەو کەشتییانەی مامەڵە لەگەڵ بەندەرەکانی سعوودیەدا دەکەن.
هەروەها رێژەی زانیارییەکانی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی (AIS) لە "گرووپی بۆرسەکانی لەندەن" و سەکۆی "مارین ترافیک" نیشانی دەدەن، کەشتییەکان بە بەتاڵی لە ئاسیاوە گەڕاونەتەوە، هاوکات رۆیشتنی ئەم کەشتییانە بە شێوەی کاروانێکی یەکگرتوو بەرەو باشووری ئەفریقا بووە، لە جیاتی ئەوەی وەک هەمیشە بە گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب تێپەڕن.
رەفتاری ئەم دواییەی حووسییەکان، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، وەک هەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دەریایی تاران و فراوانکردنی بازنەی فشارەکان لە گەرووی هورمزەوە بۆ دەریای سوور لێکدەدرێتەوە، رێکارەکە ئامانجی تێکدانی رێڕەوەکانی هەناردەی نەوت و بەرزکردنەوەی تێچووی دڵنیایی دەریایی و گواستنەوەیە لە ناوچەکەدا.
رەوشی ئاسایشی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023ـەوە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، حووسییەکان بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی، درۆن و بەلەمی بۆمبڕێژکراو، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان چڕکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە کۆمپانیا جیهانییەکان رێڕەوی کەشتییەکانیان بۆ دەوری کیشوەری ئەفریقا بگۆڕن، هەروەها رێڕەوی بابولمەندەب بڕبڕەی پشتی بازرگانیی جیهانییە و نەک تەنها بۆ وزە، بەڵکو بۆ گواستنەوەی کاڵا سەرەکییەکانیش لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا گرنگییەکی زۆری هەیە، بەڵام رێگرییە بەردەوامەکان لەم ناوچەیەدا دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و تێکچوونی سەقامگیریی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەت کە ئێستا فشارەکان راستەوخۆ کەرتی نەوتی سعوودیەی کردووەتە ئامانج.