ترەمپ: لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆداین
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و پلانی وڵاتەکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لە دوو قۆناخ پێکهاتووە؛ یەکەمیان کردنەوەی گەرووی هورمزە و دووەمیشیان چەکداماڵینی ناوەکیی ئێرانە؛ جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان بە پاڵپشتیی وڵاتانی کەنداو ئەنجام دەدرێن و ئەوە دواین دەرفەتە بۆ تاران، هەروەها راشیگەیاند، رێگە نادەن ئێران لە گەرووی هورمز باج وەربگرێت چونکە ناوچەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی هێزی دەریایی ئەمریکادایە.
دووشەممە 3ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینگەکەی بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و پلانی وڵاتەکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لە دوو قۆناخی سەرەکی پێکهاتووە؛ یەکەمیان کردنەوەی گەرووی هورمز و دووەمیشیان چەکداماڵینی ناوەکیی تارانە.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز زۆر ئاڵۆز نییە و گوتی: "بە شێوازێک لە شێوازەکان، ئەمە بابەتێکی زۆر ئاڵۆز نییە. ئێمە باسی گەرووەکە و کردنەوەی دەکەین، بە جۆرێک کە بە کردەیی تا سبەی بە تەواوی بکرێتەوە. ئەمە قۆناخی یەکەمە، و لە قۆناخی دووەمدا، دێینە سەر پرسی توانای ناوەکیی ئێران و وەک چۆن پێشتریش ئاماژەمان پێداوە، پرسی چەکداماڵینی ناوەکیی ئێران بابەتێکە کە دەبێت رووبدات."
سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی تاران و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دانوستانانە وەک دواین دەرفەت بۆ لایەنی ئێرانی سەیر دەکرێت و گوتی: "هەمووان دەیانویست دواین دەرفەت بەم بابەتە بدەن. ئەمە دواین دەرفەتە بۆیان تاوەکو بەڵگەنامەیەکی باش لەگەڵ ئێمەدا واژۆ بکەن، چونکە ئەگەر ئەمە روونەدات، بابەتەکە دەچێتە قۆناخێکی ترەوە.
ترەمپ لەبارەی دەنگۆکانی رەتکردنەوەی دانوستانەکانی لە لایەن تارانەوە بە ئاشکرا رایگەیاند: "کاتێک ئێمە کارێکی نایاب ئەنجام دەدەین و قسە دەکەین، بە راشکاوی دەڵێین کە خەریکی قسەکردنین. ئەگەر قسە نەکەین، پێتان دەڵێم نەخێر قسە ناکەین، بەڵام راستی ئەوەیە کە ئێمە هەر ئێستا خەریکی گفتوگۆین. ئەم گفتوگۆیانەش لەسەر داوای خودی ئێران ئەنجام دەدرێن، بە پاڵپشتیی سعوودیە، بە پاڵپشتیی ئیمارات، و بە تایبەتی بە پاڵپشتیی قەتەر، لەگەڵ سەرکردەی چەندین وڵاتی تر کە پەیوەندییان پێوە کردووین و زۆربەیان دۆستی نزیکی منن."
لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بەوەی ئایا گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران ئێستا راگیراون و ئایا هێرشە ئاست بە ئاستەکان بەردەوامن، ترەمپ گوتی: "کێشەیەکی بچووکمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئەویش ئەوەیە کاتێک ئێرانییەکان قسە دەکەن، حەز ناکەن بە ئاشکرا بڵێن کە خەریکی گفتوگۆن. ئەوان پێشتر نکوڵییان لێ دەکرد، بەڵام لە نوێترین بەیاننامەیاندا نکوڵییان لە بوونی دانوستانەکان نەکردووەتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا بەراوردکارییەکی لە نێوان دۆسیەی ڤەنزوێلا و ململانێی ئێستای لەگەڵ ئێراندا کرد و رایگەیاند: "وەک دەزانن، ئێمە پێشتر ململانێیەکمان لەگەڵ ڤەنزوێلادا هەبوو کە زۆر بە باشی کۆتایی هات و سەرکەوتوو بوو. ئێستاش ململانێیەکمان لەگەڵ ئێراندا هەیە و ئەویش زۆر بە باشی و بە دڵخوازی ئێمە بەرەو پێش دەچێت."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، من رێگەیان پێنادەم لە گەرووی هورمز باج وەربگرن؛ ئەگەر بڕیار بێت هەر لایەنێک باج وەربگرێت، ئەوا ئێمەین، چونکە ئێمە کۆنتڕۆڵی تەواوەتیمان هەیە."
ترەمپ لە درێژەی قسەکانی دا ئاماژەی بە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا دا و گوتی: "ئێمە شتێکمان هەیە کە پێی دەوترێت گەمارۆ، کە لە رێگەی هێزی دەریاییەکەیەوە جێبەجێ دەکرێت؛ ئەو هێزە دەریاییەش لەوێیە و ئەوەیە کە خەڵکی پێی دەڵێن 'دیواری پۆڵاین'، واتە دیواری پۆڵاینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەوەی کە ئەمە پێنجەمین جارە ئەمریکا لە هێرشە ئاسمانییەکانی دژی ئێران پاشەکشە دەکات بە مەبەستی رێگەدان بە دانوستان، ترەمپ رایگەیاند: "من نازانم، پێموایە لەوانەیە بگەین بە دەستکەوتێک، بەڵام من دەمەوێت هەموو دواین دەرفەتیان پێ بدەم پێش ئەوەی پڕۆسەی لەناوبردنی تەواوەتی دەستپێبکات."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، پلانەکانی ئەوان بۆ هێرشکردن هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و گوتی: "زۆر قورسە ئەوە بکەین کە پلانمان بۆ داناوە و هێشتاش لە پلانەکەماندایە. دەبینین چی روودەدات، بەڵام ئەمە کارێکی زۆر قورسە بۆ ئەنجامدان. من زۆر شانازی بەوە دەکەم کە دەرفەت بە خەڵک دەدەم، چونکە ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە."
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر نەیاریی خۆی بۆ جەنگی بەرفراوان و رایگەیاند: "ئەنجامدانی هێرشێکی وا گەورە بۆ سەر وڵاتێک؛ من پێم باشترە ئەنجامی نەدەم. ئێمە پێشتریش چەندین هێرشی گەورەمان ئەنجامداوە، بەڵام ئەوانە هێرشی گەورەی ئاسایی بوون. هیوادارم بەرپرسانی تاران بگەڕێنەوە هۆشی خۆیان، چونکە هەمووان دەزانن کە ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی."