هەولێر لەگەڵ عەلی جاسم لە گفتوگۆدایە
هەولێر دەیەوێت عەلی جاسم لە یانەی کۆمۆی ئیتاڵیا بکڕێتەوە
یانەی هەولێر بۆ کڕینەوەی عەلی جاسم لە یانەی کۆمۆی ئیتاڵیا لە گفتوگۆدایە، ئەو یاریزانە ئامادەیە درێسی زەرپۆشەکانی پایتەخت بپۆشێت و گفتوگۆیەکانیش بەردەوامن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لە هۆتێلێکی شاری هەولێر سەفین یاسین سەرۆکی یانەی هەولێر و لوئەی سەڵاح راهێنەری یانەکە لەگەڵ عەلی جاسم یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق لە گفتوگۆدان.
عەلی جاسم پەیوەستە بە گرێبەستێک لەگەڵ یانەی کۆمۆی ئیتاڵیا تاوەکو هاوینی 2027، بەڵام لە لایەن سیسک فابریگاسی راهێنەری یانەکە ئاگادار کراوەتەوە دەبێت پشوودرێژ بێت بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوو دەرفەتی پێبدرێت ئەگەرنا دەتوانێت یانەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە.
لەم پێناوەدا عەلی جاسم ئێستا لە هەولێری پایتەختە و ئارەزووی ئەوە دەکات هاوشانی ئیبراهیم بایش پەیوەندی بە یانەی هەولێر بکات.
عەلی جاسمی تەمەن 22 ساڵ، لە شاری بەغدا لە دایکبووە، لەگەڵ یانەی نەفت دەستی بە یاریکردن کرد، لە تەمەنێکی کورت ئاستی ئەو یاریزانە درەوشایەوە پەیوەندی بە یانەی شورتە کرد، هاوینی 2025 بۆ یانەی کۆمۆی ئیتاڵیا گواسترایەوە، لە هەمان ساڵ بە شێوەی خواستن پەیوەندی بە یانەی نەجمەی سعوودیە کرد و لەگەڵ ئەو یانەیە لە کۆی 26 یاری، 4 گۆڵ و ئەسیستیكی کرد.