سبەی مەزڵووم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبێتەوە
پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای دەکات کە بڕیارە سبەی سێشەممە دیدارێکی فەرمی و گرنگ لە نێوان فەرماندەی گشتیی هەسەدە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر و سەرۆکی سووریا ئەنجام بدرێت.
دووشەممە 3ـی ئابی 2026، ئەکرەم ساڵح، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، سبەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئەنجام دەدەن.
مەزڵووم عەبدی لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاند، سەردانە فەرمییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سووریا، ڕووداوێکی مێژووییە و مایەی خۆشحاڵییەکی گەورەیە بۆ ئەوان.
لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "نێچیرڤان بارزانی هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی گێڕاوە لە پشتگیریکردنی پرسی کورد لە سووریا و لە سەرانسەری کوردستاندا بە گشتی."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە هیوا و گەشبینیی خۆی بۆ دەرئەنجامەکانی ئەم سەردانە دەربڕی و ڕایگەیاند: "ئێمە بڕوای تەواومان هەیە کە ئەم سەردانە کاریگەرییەکی ئەرێنی و ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی سووریا و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ دۆسیەی کورد لە ناوچەکەدا دەبێت."
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیمەشق، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران و جەختیان لەسەر گرنگیی فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاکان، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا، کردەوە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕایان دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە، گۆڕییەوە. لەمبارەیەوە هەردوولا داکۆکییان لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، فراوانکردنی هاریکاریی هەرێمی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کردەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە لە سووریای نوێدا مافی هەموو پێکهاتەکانی پارێزراو بێت، هەروەها سەرۆککۆماری سووریا سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازی و حەواندنەوەی پەنابەرانی سووریا لە کاتی شەڕدا و رایگەیاند سووریا بە بایەخەوە لە رۆڵی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.