خەڵەف شنگالی: پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ دادگاییکردنی داعش بە تاوانی "جێنۆساید" ئامادە کراوە
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی ئاشکرای دەکات، عێراق پڕۆژەیاسایەکی نوێی بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش بە تاوانی "جێنۆساید" ئامادە کردووە کە بەم نزیکانە دەنێردرێتە پەرلەمان. جەختیش دەکاتەوە کە بوونی گرووپی چەکداریی لەیاسادەرچوو لە شەنگال، گەورەترین ڕێگرە لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، خەڵەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (باسی ڕۆژ)ـی کوردستان24 رایگەیاند "پێشتر چەکدارانی داعش لە دادگاکانی عێراق تەنیا بەپێی یاسای دژەپۆست و تیرۆر دادگایی دەکران، بەڵام ئێستا پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بەناوی (قانون مكافحة الجرائم الدولية) هەموو قۆناغەکانی لە ئەمانەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و مەجلیسی دەولە بڕیوە و بەم نزیکانە دەنێردرێتە پەرلەمانی عێراق."
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق روونی کردەوە، بەپێی ئەم یاسایە نوێیە، چەکدارانی داعش راستەوخۆ بە تاوانی "جێنۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی" دادگایی دەکرێن. هەروەها لە ناو یاساکەدا بنەمای دامەزراندنی سندوقێکی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی ڕزگاربووان و زیانلێکەوتووانی دەستی داعش جێگیر کراوە.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و ئیداریی ناوچەکە، خەڵەف شنگالی ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکوەزیرانی عێراق نایەوێت هیچ گرووپێکی چەکداریی لەیاسادەرچوو لە شەنگال بمێنێتەوە و کاری جددی لەسەر رێکخستنەوەی دۆخی ئەمنی دەکرێت.
جەختیشی کردەوە "بوونی گرووپی چەکداریی جیاواز و ناڕەسمی لە ناوچەکە، گەورەترین رێگرە لە بەردەم جێبەجێکردنی تەواوەتیی ڕێککەوتنی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان. جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە پێویستی بە ئیرادەیەکی هاوبەشی بەغدا، هەولێر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری ببرێتە ناوچەکە و ئاسایش جێگیر ببێت."
لە بەشێکی دیکەی ئاخاوتنەکەیدا، خەڵەف شنگالی ستایشی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستانی کرد لە کەیسی ئێزدییەکاندا و گوتی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێنۆسایدی ئێزدییەکانی بە جیهان ناساند، هەزاران ئاوارەی لە باوەش گرت و هەموو توانا و هەوڵێکی بۆ پاراستنیان تەرخان کرد، داواکارییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ هاوکاریکردنی ئێزدییەکان تەواو جێگەی خۆیەتی."
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە تا ئێستا 120 هەزار ئاوارەی شەنگال لە کامپەکاندا دەژین و پێویستە سندوقێکی نێودەوڵەتی بۆ قەرەبووکردنەوەیان دابنرێت. سەبارەت بە مەلەفی ڕفێنراوانیش ڕوونی کردەوە کە زۆرترین ڕفێنراوی تاقیمانەوەی ئێزدی لە خاکی سووریادان و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنیان بەردەوامن.