ئەنجوومەنی ئاشتی غەززە مەرجی کشانەوەی ئیسرائیل بە چەکداماڵینی حەماس دەبەستێتەوە
ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ غەززە رایگەیاند، کشانەوەی تەواوەتیی سوپای ئیسرائیل بۆ پشت هێڵی زەرد لە کەرتی غەززە دەستپێناکات تا ئەو کاتەی پڕۆسەی چەکداماڵینی تەواوەتی جێبەجێ نەکرێت، ئەمەش بڕیارێکە کە مەرجە سەرەکییەکەی حکوومەتی بنیامین ناتانیاهۆ دەپارێزێت.
ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ غەززە رایگەیاند، کشانەوەی تەواوەتیی سوپای ئیسرائیل بۆ پشت هێڵی زەرد لە کەرتی غەززە دەستپێناکات تا ئەو کاتەی پڕۆسەی چەکداماڵینی تەواوەتی جێبەجێ نەکرێت، ئەمەش بڕیارێکە کە مەرجە سەرەکییەکەی حکوومەتی ئیسرائیل دەپارێزێت.
ئەم بڕیارە نوێیە دوای کۆبوونەوەیەکی بنیاتنەر و تێروتەسەل هات کە رۆژی دووشەممە لە نێوان نیکۆلای مێلادینۆڤ، نوێنەری باڵای ئەنجوومەنی ئاشتی لە غەززە و تیمی یاوەری لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و چەند بەرپرسێکی تری ئیسرائیلدا ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ئیدارەیەکی مەدەنی و میکانیزمی جێبەجێکردنی قۆناخی داهاتووی پلانەکە کرا، و لایەنەکان گەیشتنە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر چەکداماڵینی تەواوەتی کەرتی غەززە، کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی لایەنە چەکدارەکان و رادەستکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە دەستەیەکی مەدەنی.
لە وەڵامی دەنگۆیەکان ئەنجوومەنی ئاشتی روونکردنەوەی دا کە سوپای ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک بە تەواوی بۆ پشت هێڵی زەرد پاشەکشە ناکات پێش تەواوبوونی چەکداماڵینی گشتی؛ بڕیاریشە هێزێکی نێودەوڵەتیی جێگیرکردنی سەقامگیری و لیژنەیەکی چاودێری و لێکۆڵینەوە بە بەشداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاشتی، سەرپەرشتیی ئەم پڕۆسەیە بکەن، و خشتەی کاتیی کارەکان لە داهاتوودا دیاری دەکرێت.
ئەم بەیاننامە نوێیەی ئەنجوومەنەکە، تێکڕای ئەو نیگەرانییانەی رەواندەوە کە لە لایەن وەزیرە ئیسرائیلییەکانەوە وروژێنرابوون، بەتایبەت بەتسەلیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی کە پێشتر رایگەیاندبوو پلانەکە رێگە بە پاشەکشەی سوپای ئیسرائیل دەدات پێش چەکداماڵینی تەواو، و داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کابینەی ئەمنیی کردبوو.
ئەم روونکردنەوە نوێیە، هاوکێشەکان بەرەو رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس دەبات. حەماس پێشتر رایگەیاندبوو کە پرسی چەکەکانی دەبەستێتەوە بە راگرتنی تەواوی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل، پاشەکشەی سوپا لە کەرتی غەززە، دەستپێکردنی دووبارەی ئاوەدانکردنەوە و بڵاوەپێکردنی هێزێکی پاراستنی نێودەوڵەتی.
بەمەش، ئەنجوومەنی ئاشتی توانی کێشەکەی لەگەڵ ئیسرائیل چارەسەر بکات، بەڵام هاوکات قەیرانەکەی گواستەوە بۆ لایەنی فەلەستینی؛ چونکە لە کاتێکدا ئیسرائیل بێ چەکداماڵین پاشەکشە ناکات، حەماسیش بێ پاشەکشەی سوپا ئامادە نییە چەک دابنێت، ئەمەش وادەکات جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی لە ناوچەکەدا رووبەڕووی قورسترین بەربەست ببێتەوە.