ترەمپ بۆ کۆمپانیاکانی نەوت: هەر ئێستا نرخی نەوت دابەزێنن

سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندی لە سەرۆکی کۆمپانیای گەورەی نەوتی شیڤرۆن گرت بەهۆی پشتگوێخستنی رۆڵی ئیدارەکەی لە پاراستنی کەرتی نەوتی ئەمریکادا، هاوکات داوای لێکردن کە نرخی سووتەمەنی بۆ بەکاربەران بە خێرایی دابەزێنن.

دووشەممە 3ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بە چاوپێکەوتنێکی مایک وێرس، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای شیڤرۆن (Chevron) لەگەڵ رۆژنامەنووس ماریا بارتیرۆمۆ کرد، کە تێیدا ناوبراو باسی لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی دارایی کۆمپانیاکەی کردبوو.

ترەمپ نووسیویەتی، وێرس لە چاوپێکەوتنەکەیدا تەنیا یەک شتی لەبەرچاو نەگرتووە و پشتگوێی خستووە، ئەویش ئەوەیە کە: "بە بێ بلیمەتی، دیدگا، بەهێزی و سەقامگیریی ئیدارەی ترەمپ، کەرتی نەوت و خودی وڵاتەکەمان ئێستا لەناوچوو بوون."

سەرۆکی ئەمریکا نموونەیەکی هێنایەوە و رایگەیاند: پێشتر حکوومەتی ڤەنزوێلا مایک و کۆمپانیای شیڤرۆنی لە وڵاتەکەی دەرکردبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی سیاسەتەکانی ئیدارەکەیەوە گەڕاونەتەوە و زۆر لە جاران گەورەتر و بەهێزتر کار دەکەن و چاوەڕێ دەکەن قازانجێکی بێشمار بەدەست بهێنن، کە بە گوتەی ترەمپ ئەم بابەتە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی تریش راستە.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا، داواکارییەکی توندی ئاڕاستەی بەرپرسانی کەرتی نەوت کرد و نووسیویەتی: "نرخی نەوت و سووتەمەنی بۆ بەکاربەران کەم بکەنەوە، هەر ئێستا"