راپرسییەک متمانەی ئابووریی کۆماریخوازان دەخاتە ژێر پرسیارەوە

راپرسییەکی نوێ: بۆ یەکەمجار لە ماوەی دە ساڵدا دیموکراتەکان لە متمانەی ئابووریدا پێش کۆماریخوازان دەکەون؛ جەماوەریبوونی ترەمپ بۆ 35% دادەبەزێت

بۆ یەکەمجار لە ماوەی نزیکەی دە ساڵی رابردوودا، هاووڵاتییانی ئەمریکی لە راپرسییەکی نوێی ئاژانسی رۆیتەرز/ئیپسۆس دا، پارتی دیموکراتیان بە باشتر لە پارتی کۆماری هەڵبژارد بۆ بەڕێوەبردنی ئابووریی وڵات، هاوکات راپرسییەکە دابەزینی توندی ئاستی رەزامەندیی خەڵکی لە کۆی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ نیشان دەدات.

ئەم راپرسییە هاوبەشە نوێیەی رۆیتەرز/ئیپسۆس نیشانی دەدات کە چۆن شێوازی مامەڵەکردنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دۆسیەی ئابووریدا، لەوانەش بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و وزە بەهۆی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر چانسی کۆماریخوازان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا دروستکردووە.

بەپێی راپرسییەکە، ئاستی رەزامەندیی گشتی لە ترەمپ وەک سەرۆک لە 37%ـی مانگی رابردووەوە بۆ 35% دابەزیوە، کە تەنیا یەک خاڵ دوورە لە نزمترین ئاستی جەماوەریبوونی لە ماوەی حوکمڕانیکردنیدا.

سەبارەت بەوەی کام پارت باشترین بەرنامەی ئابووریی هەیە، نزیکەی 37%ـی دەنگدەرانی تۆمارکراو پارتی دیموکراتیان هەڵبژاردووە، لە بەرامبەر 36% کە دەنگیان بە پارتی کۆماری داوە، لە کاتێکدا 27%ـی تریش بێبڕیار بوون یان پشتگیریی لایەنێکی تریان کردووە. ئەم پێشکەوتنەی دیموکراتەکان بە وەرچەرخانێکی گەورە دادەنرێت، چونکە کۆماریخوازان لە زۆربەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا (2017-2021)، لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیی جۆو بایدن، و سەرەتای خولی دووەمی ترەمپیشدا، هەمیشە لە متمانەی ئابووریدا دەستپێشخەر بوون.

هاوکات، ئەنجامەکان دەریدەخەن ئەگەر ئێستا هەڵبژاردنی کۆنگرێس ئەنجام بدرێت، 42%ـی دەنگدەرانی ئەمریکی دەنگ بە بەربژێری دیموکراتەکان دەدەن، لە بەرامبەر 37% بۆ کۆماریخوازان. هەروەها دەنگدەرانی سەربەخۆ بە جیاوازیی 12 خاڵ پێشینەیان داوەتە دیموکراتەکان.

کۆماریخوازان کە دەیانەوێت زۆرینە لۆژیکییەکەی خۆیان لە کۆنگرێس لە هەڵبژاردنی 3ـی تشرینی دووەمدا بپارێزن، رووبەڕووی ململانێیەکی سەخت دەبنەوە؛ هەرچەندە پێشینی دەکرێت لە کۆی 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران تەنیا 36 کورسی و لە ئەنجوومەنی پیرانیش تەنیا 8 کورسی ململانێی یەکلاکەرەوەیان لەسەر بێت.

لە کاردانەوەیدا، سەرۆک ترەمپ هەمیشە راپرسییە ناڕەزاییەکانی خەڵکی رەتکردووەتەوە و رۆژی دووشەممە پێش بڵاوبوونەوەی راپرسییەکە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیبووی: "ژمارەی راستەقینەی راپرسییەکانی من، نەک ئەوانەی میدیای هەواڵە چەواشەکارەکان دروستی دەکەن، بە جیاوازییەکی زۆرەوە باشترینن لە جیهاندا."

ئەم راپرسییەی رۆیتەرز/ئیپسۆس لە سەرانسەری ئەمریکادا 4,505 هاووڵاتیی گرتووەتەوە و رێژەی هەڵەکردن (Margin of Error) تێیدا تەنیا دوو خاڵ بووە.