ئەمریکا بەرهەمهێنانی دژە مووشەک خێراتر دەکات
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاشکرای کرد، بەرهەمهێنانی دژە مووشەکەکانی پاتریۆت و تاد خێرا دەکەن، ئەمەش پێدەچێت لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بێت بۆ گەڕێکی دیکەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ناوچەکەدا.
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' راگەیەندراوێکی گەورەی کۆمپانیای پیشەسازی "لۆکهید مارتن"ـی بڵاوکردەوە، کە لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کۆمپانیاکە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە کار بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی دژەمووشەک دەکات.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی جەنگ و کۆمپانیای نۆرسرۆپ گرومان، بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی PAC-3 MSE و سیستەمی تاد خێراتر دەکەین، بۆ ئەوەی بڕ و توانای پێویست بۆ ئەرکەکانی ئەمڕۆ دابین بکەین، ئەمەش جێبەجێکردنی کرداریی جبەخانەی ئازادییە."
لە هەمان کاتدا وەزارەتی جەنگی ئەمریکا واژۆکردنی چەند رێککەوتنێکی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای پیشەسازیی سەربازیی "نۆرسرۆپ گرومان" و "لۆکهید مارتن" راگەیاند، بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی تایبەت بە هەردوو سیستەمی "تاد" و "پاتریۆت باک-3".
پێنتاگۆن روونیکردەوە، ئەم لێکتێگەیشتنانە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دابینکردنی زامنی درێژخایەن بۆ داواکاریی دابینکەرە سەرەکییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی سێ هێندەکردنی قەبارەی بەرهەمهێنانی مووشەکی سیستەمی پێشکەوتووی پاتریۆت، جگە لە چوار هێندەکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکی سیستەمی تاد.