حووسیەکان رێڕەویان بە شەش کەشتیی سعوودیە گۆڕی

ئاژانسی رۆیتەرز پشتبەستن بە نەخشەی هاتوچۆی کەشتییەکان ئاشکرایکردووە؛ شەش کەشتیی سعوودی لە ترسی رووبەڕووبوونەوەی حووسیەکان لە کەنداوی عەدەن رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە، بەرەو بابولمەندەب و دەریای سوور نەڕۆشتوون.

ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە؛ ئەو شەش کەشتیەی سعوودیە لە وڵاتانی ئاسیا دەگەڕانەوە، بەڵام لە جێگەی ئەوەی بە دەریای سوور و بابولمەندەبدا بگەڕێنەوە، بەدەوری کیشوەری ئەفریقا سوڕاونەتەوە، بەمەش گەشتەکەیان چەند هێندە درێژبووەتەوە.

گۆڕینی رێڕەوی ئەو کەشتیانە دوای ئەوە دێت، حووسیەکان بڕیاری سەپاندنی گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعوودیەدا جێبەجێ کردووە، هەڕەشەی ئەوە دەکەن، هەر کەشتییەکی سعوودی لە بابولمەندەب و دەریای سوورەوە تێپەڕێت هێرشی دەکەنەسەر.

پێشتر حووسییەکان بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆیان لە شاری جیزان، یەنبوع و ریاز کردە ئامانج، هەروەها سەپاندنی گەمارۆی دەریاییان بەسەر کەشتییەکانی سعوودیەدا راگەیاند.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سعوودیە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکەکانی حووسییەکان لە بەندەری حودەیدە لە یەمەن، هاوکات لەگەڵ ئەمریکاش هێرشی ئاسمانیی هاوبەشیان بۆ سەر چەند ئامانجێک لە عێراق کرد و دەیان چەکداری حەشدی شەعبیان کوشت و بریندار کرد.

لە لایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو و پەرلەمانی عەرەبی هێرشەکانی حووسییەکانیان بۆ سەر خاکی سعوودیە سەرکۆنە کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ سەرجەم ئەو رێکارانە دووپاتکردەوە کە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سعوودیە دەگیرێنە بەر.