رۆیتەرز: عێراق داشکاندنی گەورە لە نرخی نەوتی خاو دەکات

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، داشکاندنێکی بەرچاو لە نرخی نەوتی خاوی بەسرە بۆ مانگی ئاب رادەگەیەنێت، ئەمەش بە مەبەستی هاندانی کڕیاران بۆ گواستنەوەی نەوت لە ناو گەرووی هورمز لە کاتی گرژییەکاندا.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە دەست ئاژانسی "رۆیتەرز" کەوتووە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، داشکاندنی زۆری بۆ نرخی نەوتی خاوی بەسرە پێشکەش کردووە بۆ ئەو بارانەی لە مانگی ئابدا بار دەکرێن، ئەمەش بۆ هاندانی کڕیاران تاوەکو نەوت لە ناو گەرووی هورمزەوە بگوازنەوە.

بەڵگەنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سۆمۆ داوای لە کڕیارانی گرێبەستە درێژخایەنەکان کردووە بڕی نەوتە داواکراوەکانیان لە جۆرەکانی "خاوی بەسرەی مامناوەند" یان "خاوی بەسرەی قورس" دیاری بکەن، بۆ ئەوەی لە رێگەی تێرمیناڵی نەوتی بەسرە یان لەنگەرە تاکەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە رادەست بکرێن.

سەبارەت بە نرخەکان، سۆمۆ بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی "بەسرەی مامناوەند" داشکاندنی 25 بۆ 27 دۆلاری پێشکەش کردووە، کە ئەمەش بەپێی کاتی بارکردنەکە دەگۆڕێت. هەروەها بۆ نەوتی خاوی "بەسرەی قورس" داشکاندنی 27.80 بۆ 29.80 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کردووە.

ئەم هەنگاوەی عێراق لە کاتێکدایە، ئامارەکان دەریانخستووە کە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە خاو بووەتەوە، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێک سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لەو ناوچەیەدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەشتیوانی، تانکەری زەبەلاحی (Noble) کە لە 25ـی تەممووزدا نەوتی بەسرەی بارکردووە، رۆژی هەینی گەرووەکەی جێهێشتووە و بەرەو چین بەڕێوەیە. هاوکات کۆمپانیای "پێترۆچاینا" بە شێوەیەکی کاتی تانکەری زەبەلاحی (Jamaica Prosperity)ی بە کرێ گرتووە بۆ گواستنەوەی نەوت لە ناوچەی کەنداوەوە بۆ چین، کە بڕیارە لە دەوروبەری 3ـی ئاب لە بەندەری بەسرەی عێراق بار بکرێت بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمپانیای سۆمۆ بە فەرمی هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەم داشکاندنانە و داواکاریی کۆمپانیاکە نەداوە.

ئەم داشکاندنانەی عێراق هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییە ئەمنییەکان لە گەرووی هورمز، دوای زنجیرەیەک رووداوی دەریایی لە ناوچەکەدا. رۆژی سێشەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگر لە دووری 20 میلی دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی ناوچەی "خەسب"ی عومان، لە رێگەی "تەنێکی نەناسراوەوە" پێکراوە.

دوو رۆژ پێش ئەو رووداوەش، تانکەرێکی دیکە لە هەمان ناوچەدا هەواڵی بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی لە نزیک خۆی دا، هەرچەندە هیچ برینداربوون یان زیانێکی ماددی تۆمارنەکراوە.

گەرووی هورمز وەک یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی وزە لە جیهاندا دەمێنێتەوە، چونکە بەشێکی زۆری هەناردەی نەوتی خاو و گازی سروشتیی شل لە رێگەیەوە دەگوازرێتەوە، هەربۆیە هەر پەککەوتنێکی هاتوچۆی کەشتییەکان لەو گەرووەدا بە وردی لەلایەن بازاڕەکانی وزەی جیهانەوە چاودێری دەکرێت.