نەعیم قاسم: هیچ رێگرییەک نییە لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی سووریا کۆببینەوە
ئەمیداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، هیچ رێگرییەک لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتییە نوێیەکەی سووریادا نییە، ئەمە یەکەم هەڵوێستی حزبوڵڵای لوبنانیە بەرامبەر دیمەشق، چونکە پێشتر حزبوڵڵا بۆ پشتگیریی لە ئەسەد بەشداریی سەڕی ناوخۆیی سووریای کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، نەعیم قاسم، لە وتارێکدا کە بەبۆنەی چلەی ئیمام حوسێن پێشکەشی کرد، گوتی "هیچ رێگرییەک نییە لە کۆبوونەوەیەکی ئاشکرا لە نێوان حزبوڵڵا و سەرکردایەتیی سووریادا لەو کاتەی کە بە گونجاو بزانرێت لەلایەن هەردوولاوە".
نەعیم قاسم جەختیشی لەسەر گرنگی و پێویستیی پەیوەندییەکی برایانە، ئەرێنی و هاوکارانە لە نێوان لبنان و سووریا کردەوە.
حزبوڵڵای لوبنانی لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی سووریا کە لە ساڵی 2011ـەوە دەستی پێکرد، شانبەشانی هێزەکانی سەرۆکی هەڵهاتووی سووریا بەشار ئەسەد شەڕی دەکرد. لە سایەی حوکمڕانیی ئەسەدیشدا، سووریا وەک رێڕەوێکی دابینکردن و گەیاندنی چەک بەو گرووپە لەلایەن ئێرانەوە بەکار دەهێنرا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی گوتی: دانوستانی راستەوخۆی نێوان لبنان و ئیسرائیل کە بڕیارە ئەمڕۆ لە رۆما بکرێت، هیچ شتێک بۆ لبنان ناهێنێت جگە لە سەرشۆڕی، زەلیلکردن، بێهیوابوون".
ئاماژەشی بەوەدا، جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان، وەک ناوبژیوان و کۆکەرەوە لایەنەکان هەڵسوکەوتی نەکردووە، بەڵکو بووەتە لایەنگر و پەرتکەر، ئەوەش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ رۆڵ و پێگەی بەهێزی لبناندا یەکناگرێتەوە.