سوپای سووریا ئامادەباشیی سەربازیی راگەیاندووە
سوپای سووریا بەبێ ئاشکراکردنی هۆکارەکان ئامادەباشیی سەربازیی راگەیاند و هێزی زۆرتر دەنێرێتە سەر سنووری عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، سوپای سووریا بەبێ ئاشکراکردنی هۆکارەکان، ئامادەباشیی سەربازیی راگەیاندووە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی ئامادەباشییەکەدا، رێنمایی دراوەتە سەربازان تا بەپەلە پەیوەندی بە یەکە سەربازییەکانیانەوە بکەنەوە.
هەروەها بەگوێرەی میدیاکانی سووریا، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە فەرمانی بە هێزەکانی کردووە بچنە حاڵەتی هۆشداریی پلە (ج) و دەست بکەن بە بڵاوەپێکردنی یەکە سەربازییەکان لەسەر سنووری نێوان سووریا و عێراق.
لەلای خۆیەوە، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندووە، دۆخی سەر سنوور ئاساییە و جووڵەکانی لایەنی سووریا بۆ گرتنەدەستی سنوور بە ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ ئێمەدا دەکرێت.
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور راگەیاندووە "دۆخی سەر سنوور لەگەڵ سووریا ئاساییە و جووڵەکانی لایەنی سووری بۆ گرتنەدەستی سنوور بە ئاگاداری و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێمەدا دەکرێت."
هەروەها گوتیشی "هیچ هەڕەشەیەکی ئێستا لەسەر سنوورەکان نییە و ئاڵوگۆڕ و هەماهەنگیی زانیاری لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنووری سووریادا هەیە."
هاوکات باسی لەوەش کرد "یەکە سەربازییەکانمان بە بەهێزییەوە کۆنتڕۆڵی سنووریان کردووە و لایەنی سووری تا ئێستا بنکەکانی سەر سنووری دانەمەزراندووەتەوە"