ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق کۆبوونەوە
سەرۆکی سووریا لە کۆشکی گەل لە دیمەشق پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ رێڕەوی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.
سێشەممە 4ـی ئابی 2026 ئاژانسی هەواڵی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە کۆشکی گەل لە دیمەشق پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، و زیاد عایش، پارێزگاری دێرەزوور بەڕێوەچوو.
ئاماژەشی داوە لە دیدارەکەدا، لایەنەکان گفتوگۆیەکی وردیان سەبارەت بە تەواوکردنی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 29ی کانوونی دووەمی رابردوو لە نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدەدا کرد.
هاوکات بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، هەردوولا بەدواداچوونیان بۆ رێڕەوی تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان و دامەزراوە ئیدارییەکانی سەر بە هەسەدە لە ناو دامەزراوە و فەرمانگە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریادا کرد بە مەبەستی مسۆگەرکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا.