بەقایی: گفتوگۆکانی تاران و مەسقەت لەبارەی هورمز بە ئەرێنی بەڕێوەدەچن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان تاران و مەسقەت لەسەر ئاستی تەکنیکی و سیاسی بە ئەرێنی بەڕێوەدەچن، بە ئامانجی داڕشتنی میکانیزمی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی رێرەوی کەشتییەکان لە تەنگەی هورموزدا.

سێشەممە 4ـی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەم دانوستانانە وەک گفتوگۆ لە نێوان هەردوو دەوڵەتی هاوسنووری گەرووی هورمز پێش دەکەون، و سەرنج دەخەنە سەر دیاریکردنی رێڕەوی چوون و هاتنەوەی ئارام و بۆ کەشتییەکان؛ بە شێوازێک کە هاوشانی پاراستنی مافی سەروەریی هەردوو وڵات، رەچاوی تێبینییە ئەمنییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و عومان بکات.

بەقایی ئاشکرای کرد، گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا لەسەر هەردوو ئاستی تەکنیکی و سیاسی بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێندرێن. ئاماژەی بەوەش دا کە ئێران لە هەوڵدایە بە هاوکاریی عومان، میکانیزم و رێوشوێنی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی هاتوچۆی کەشتییەکان لەم دەروازە ستراتیژی و گرنگەدا دابڕێژێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، دەرئەنجامە کۆتاییەکانی ئەم دانوستانە دوولایەنانە دوای کۆبەندی و یەکلاکردنەوەی تەواوەتییان، بە فەرمی بە رای گشتی دەگەیەندرێن.