ناتانیاهۆ: بە رەشنووسەکەی ترەمپ لە بارەی غەززە رازی نین
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەنگۆی پاشەکشەی سەربازی لە کەرتی غەززە رەتکردەوە و رایگەیاند، رەشنووسێکی ئاشتییان لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە پێگەیشتووە بەڵام بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانیاندا رەتیانکردووەتەوە، جەختیشی کردەوە، هیچ کشانەوەیەک بەبێ چەکداماڵینی تەواوەتیی حەماس ئەنجام نادرێت.
سێشەممە 4ـی ئابی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا، دەنگۆی سازشکردنی بۆ بزووتنەوەی حەماس یان پاشەکشەی سەربازی لە کەرتی غەززە رەتکردەوە و ئاشکرایشی کرد، رەشنووسێکی ئاشتییان لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە پێگەیشتووە بەڵام بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا، رەتیانکردووەتەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە راپۆرتەکانی تایبەت بە پاشەکشەکردنی سوپا لە کەرتی غەززە، رایگەیاند: "من بە توندی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانمان وەستاومەتەوە. ئێمە لە هێڵەکانی ئێستامان پاشەکشە ناکەین تاوەکو بزووتنەوەی حەماس بە تەواوی لە سەرجەم چەکەکانی دانەماڵدرێت."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سێ مەرج و هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی بەم شێوەیە روونکردەوە:
یەکەم: کشانەوەی سەربازی پێش چەکداماڵینی تەواوەتیی حەماس ئەنجام نادرێت.
دووەم: رێنمایی تەواو دراوەتە سەربازانی سوپا (IDF) تاوەکو سەرجەم رێوشوێنە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، پاراستنی خاک و پاراستنی هاووڵاتییانمان.
سێیەم: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی پێیان وایە دەتوانن حەماس ناچار بکەن چەک دابنێت و کۆنتڕۆڵی دۆخی غەززە بکەن؛ ئێمە پێداچوونەوە بەم بابەتەدا دەکەین.
گوتیشی: ئەوان رەشنووسێکی لێک تێگەیشتنیان بۆ ناردین بەڵام ئێمە رەزامەند نەبووین لەسەری چونکە رەشنووسی فەرمیی ئێمە نەبوو، بۆیە تێبینییەکانی خۆمان ناردەوە بۆ واشنتن.
ناتانیاهۆ جەختی کردەوە کە تێبینییەکانی ئیسرائیل پێش دەستپێکردنی کەمپینی میدیایی لەسەر ئەم بابەتە رەوانەکراون و رایگەیاند: "ئەمە هەڵوێستی فەرمیی ئێمەیە، ئێمە بە حیکمەت و پێداگرییەکی زۆرەوە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانمان بەردەوام دەبین."
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی 15ی ئیسرائیلی، سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە کە ئەنجوومەنی ئاشتی بە فەرمی لە بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانەکان ئاگادار کراوەتەوە. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی مۆڵەتی ئاگربەستێکی کاتی کە بۆ ماوەی 14 رۆژ بەردەوام دەبێت و دەبێتە پێشەکەیەک بۆ تێکشکاندن و داماڵینی تەواوەتیی چەکەکانی بزووتنەوەی حەماس.
کەناڵی 15ـی ئیسرائیلی پشتڕاستی کردەوە، ئەم قۆناخی ئاگربەستە 14 رۆژییە ئێستا دەستی پێکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندایە بۆ جێبەجێکردنی پلانی گشتگیری چەکداماڵینی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەدا.
لە لایەکی ترەوە، کەناڵی 14ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای سیاسیی ئەو وڵاتەوە بڵاوی کردەوە کە تەلئەڤیڤ خەریکی راوێژکاری و گفتوگۆی چڕە لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو لە کەرتی غەززەدا، و جەختی لەوەش کردەوە کە "سەرجەم بژاردەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا لەسەر مێزی گفتوگۆن".
رۆژی هەینی ئەنجوومەنی ئاشتی غەززە نەخشەڕێگایەکی 15 خاڵی نوێی بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی هەمەلایەنەی دۆناڵد ترەمپ، لە غەززەدا بڵاوکربووەوە، کە تێیدا رێکارەکانی کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل، رادەستکردنی کەرتی ئەمنی و کارگێڕیی غەززە بە لێژنەی نیشتمانی، و دابینکردنی 400 ملیۆن دۆلار بۆ قەرەبووکردنەوەی لایەنە زیان لێکەوتووەکان لەخۆدەگرێت.
هەر بەرەبەیانی هەمان رۆژ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتن بە رێککەوتنێکی "مێژوویی" بۆ چەکداماڵینی تەواوەتیی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە کەرتی غەززە راگەیاندبوو، ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی "پلانی 20 خاڵیی ترەمپ" بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.
هەروەها غازی حەمەد، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس، دووپاتی کردەوە، رەزامەندیی بزووتنەوەکەیان بۆ رێککەوتنی ئاشتیی گشتگیر، دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەکان هاتووە و ئامانجی سەرەکی پاراستنی گەلی فەڵەستینە. ئاماژەی بەوەش کرد، حەماس سازشی سیاسی پێشکەش کردووە؛ بەڵام دەستبەرداری پرۆژە نیشتمانییەکەی نابێت.
ئەنجوومەنی ئاشتی
پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، لە یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" لە واشنتن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، کە ئیدارەکەی 10 ملیار دۆلار لە رێگەی ئەنجوومەنەکەوە پێشکەش بە غەززە دەکات. هەروەها ئاشکرای کردبوو کە 9 وڵاتی هاوپەیمان بەڵێنیان داوە بە بڕی 7 ملیار دۆلار بەشداری لە پاکێجی فریاگوزاریی غەززەدا بکەن.
پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) واژۆی لەسەر پەیماننامەی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا ئاماژەی دابوو، "ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، ئامانجمان کۆتاییهێنانە بەو ململانێیانەی کە هەندێکیان زیاتر لە 35 ساڵە بەردەوامن، هەروەها ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگی نوێ و چەسپاندنی سەقامگیری."
لە لایەکی دیکەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی (ئیمارات، تورکیا، میسر، ئوردن، ئیندۆنیزیا، پاکستان، سعوودیە و قەتەر) لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بڵاوی کردبووەوە، پێشوازییان لە بانگهێشتەکەی ترەمپ کرد بۆ پەیوەستبوون بە "ئەنجوومەنی ئاشتی".