تورکیا و عێراق لەسەر پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گاز دانوستان دەکەن
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ پڕۆژەیەک کە لە قۆناخی یەکەمیدا گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق دابین دەکات، و هەروەها پلانیش هەیە گازی وڵاتانی کەنداو لە رێگەی عێراقەوە بۆ ئەوروپا بگوازرێتەوە.
سێشەممە 4ی ئابی 2026، ئالبەرسڵان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە لەگەڵ عێراق پڕۆژەی جۆراوجۆر تاوتوێ دەکات، کە لە قۆناخی یەکەمیدا بریتی دەبێت لە دابینکردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق بە بەکارهێنانی ژێرخانی تورکیا، و ئەمەش بەشێک لە پێداویستییەکانی سووتەمەنیی عێراق بۆ کارەبا پڕ دەکاتەوە.
بەیرەکتار ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا لێکۆڵینەوە لە دروستکردنی هێڵێکی بۆریی گاز دەکات کە هاوشان لەگەڵ هێڵی بۆریی نەوتی پلاندانراو بۆ بەسرە و لە نزیک هێڵەکانی کارەباوە درێژ بکرێتەوە. ئەم پڕۆژەیە رێگە دەدات گازی قەتەر و گازی سروشتیی بەرهەمهێنراو لە وڵاتانی تری کەنداوی عەرەبی لە رێگەی عێراقەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بگوازرێتەوە.
ئالبەرسڵان بەیرەکتار گوتی: "رێڕەوێکی تری جێگرەوە دەتوانێت لە رێگەی قەتەر، سعوودیە، ئوردن و سووریاوە تێپەڕێت و پاشان گازەکە بێتە ناو تورکیا." جەختی کردەوە، تورکیا خاوەنی یەکێک لە پێشکەوتووترین ژێرخانەکانی گازە لە ناوچەکەدا، بە جۆرێک زیاتر لە 20 هەزار کیلۆمەتر بۆریی سەرەکیی گازی پەستانی بەرز و نزیکەی 220 هەزار کیلۆمەتر تۆڕی دابەشکردنی بۆ دابینکردنی گاز بۆ ماڵان و کۆمپانیاکان دامەزراندووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەممە 1ی ئابی 2026، شاندێکی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی فیدراڵ لە ئەنقەرە لەگەڵ ئاڵپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا و کۆمپانیای بۆتاش کۆبووەوە و رێککەوتنێکی یەک ساڵەیان بۆ هەناردەکردنی لانی کەم 750 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە واژۆ کرد.
هەردوو وڵات جەختیان لەوە کردبووەوە کە کار دەکەن بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی مێژوویی ساڵی 1973 تاوەکو لە داهاتوودا ئاستی هەناردەکردن بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکەنەوە.
هەروەها، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردبووەوە و تێیدا نووسیبووی: لە دەستکەوتێکی ستراتیژیی گرنگدا بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی فەرمی.
عەلی زەیدی ئاشکرای کردبوو، کۆمپانیا نیشتمانییەکانی عێراق و تورکیا لەم ئاراستەیەدا دەست بە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان دەکەن، هاوکات حکوومەتی هەردوو وڵات، لە چوارچێوەی رێڕەوێکی گشتگیری دیاریکراودا، کار دەکەن بۆ تەواوکردنی رێککەوتننامەیەکی چوارچێوەیی گرنگ کە کەرتی نەوت، کارەبا، دۆسیەی سەرچاوەکانی ئاو و بوارەکانی دیکەی هاوکاری لەخۆدەگرێت، بە مەبەستی گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و گەشەپێدان و سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا.